لە ماوەت و خدران هەشت راوچی قۆڵبەست کران و سیانیش هەڵاتن – وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
خەریکی ماسیگرتن و راوی ئاژەڵی کێوی بوون
لە ماوەت و خدران هەشت راوچی قۆڵبەست کران؛ سیانیش هەڵاتن
964+
شۆڕش قادری
لە قەزای ماوەتـی شارباژێر و ناحیەی خدران لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەشت راوچی قۆڵبەست کران، سیانی دیکەش هەڵاتن و پۆلیس بەدوایانەوەیەوە.
“مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستانى ماوەت لە دوو چالاکى جیاوازدا دەرچوون بۆ سنورى گوندى بەزەڕوو، لە ئەنجامدا توانیان حەوت راوچى دەستگیربکەن کە سەرقاڵى راوکردنى ماسى بوون بە ژەهر و تۆڕى وردى رێگەپێنەدراو”، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وای بە 964 وت.
لەگەڵ قۆڵبەست کردنی راوچییەکان، ئۆتۆمبێلێک و هەموو ئەو کەرەستانەی بۆ راوکردن بەکاریانهێنابوون، دەستیان بەسەرداگیرا.
کەمەرخان وتیشی، لە ناحیەی خدرانیش مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەکە، لەکاتی چاودێریکردنى سنوورەکەیان لە گوندی کانی بناو چوار کەسیان بینیوە کە سەرقاڵی راوکردنی ئاژەڵی کێوی بوون، لەگەڵ هەستکردنیان بە مەفرەزەکە، دەستبەجێ سیانیان بە ئۆتومبێل هەڵاتوون، بەڵام یەکێکیان بە چەکێکی تاپڕەوە دەستگیر کراوە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر دوو رووداوەکە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی، رادەستی دادوەر کراوە.