3500 مەتر سێجا ئاو لە كاتژمێرێكدا دەگەیەنێت

هێڵی ئاوی پەرەپێدانی دوكان – سلێمانی گرفتی كەم ئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی زیادكردنی هێڵی پەرەپێدانی یەكی دوكان – سلێمانی، پێشبینی دەكرێت گرفتی كەمئاوی دانیشتووانی سلێمانی چارەسەر بكرێت و بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی هێڵی یەكی دوكان – سلێمانیش دەڵێت، هێڵەكە بڕی ئاوی گەیشتوو بە سلێمانی بەرز دەكاتەوە بۆ دوو ئەوەندە.

هێڵی پەرەپێدانی یەكی دوكان – سلێمانی تیرەی بۆرییەكەی هەزار و 200 ملیمە، لە رێگەی دوو حەوزی ئاوی نوێ (كلاری فایەر)، سێ ماتۆڕی گەورە كە هەریەكێكیان بە توانای ناردنی 1500 مەتر سێجا ئاو لە  كاتژمێرێكدا دەگەیەنن بە سلێمانی.

لەوبارەیەوە، سەركان تۆفیق بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی هێڵی یەكی دوكان – سلێمانی بە 964ـی وت، بەزیادكردنی هێڵی پەرەپێدانی یەكی دوكان – سلێمانی، بڕی ئاوی گەیشتوو بە شاری سلێمانی زیاد دەكات و گرفتی كەمئاوی تارادەیەكی باش چارەسەر دەكات.

دەشڵێت، ئەم هێڵە، بڕی سێ هەزار و 500 مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا ئاو بەڕێدەكات، بەمەش بەڕێژەیەكی باش ئاو زیاد دەكات و بڕی دوو ئەوەندەی ئێستا ئاو دەگاتە سلێمانی.

وەك باسیشی دەكات، ئەو بۆرییەی كە ئاوەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت شكاوی زۆرە، لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دا رژێمی پێشووی عێراق دروستیكردووە و بەكار نەهێنراوە، لەئێستادا لە قۆناغی تێست كردن و نۆژەنكردنەوەی هێڵەكەین و تاوەكو وێستگەی كۆتەڵ چاكسازی تێدا كراوە و كەموكوڕییەكانی چارەسەركراوە.

“تاكە گرفت لەبەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، رێگرییەكانی ئەو خاوەن موڵكانەیە كە بۆرییەكەی پێدا تێپەڕیووە، هەرچەندە ئاگادارین لەكاتی خۆیدا قەرەبوشیان وەرگرتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش بەشێك لە خاوەن موڵك و باخەكانی سەر رێگاكە ئاستەنگیان بۆ دروست كردوین” سەركان تۆفیق ئەمەشی وت.

جەختیشی كردەوە، هەموو هەوڵێكی خۆمان خستووەتەگەڕ، كە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو دا، هێڵەكە بخەینەگەڕ و ئاوی پڕۆژەكە بگەیەنینە سلێمانی.

پڕۆژەی ئاوی دوكان – سلێمانی لە دوو هێڵی (1-2) پێكهاتووە و بە چەند فلتەر و كلاری فایەرێك، ئاوی خواردنەوەی بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی سلێمانی دابین دەكات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

هێڵی ئاوی دوکان - سلێمانی پێویستی بە محاویەلەیە

هێڵی ئاوی دوکان - سلێمانی پێویستی بە محاویەلەیە