زمانی کوردی 59ـیەمنی جیهانە
“تاوەکو کورد نەبێتە دەوڵەت نابینە خاوەنی زمانێکی یەکگرتوو”
+964
هیڤی دێوالی – دهوک
لەرۆژی جیهانی زمانی دایک کرمانجەکانی باکوور و رۆژئاوا و هەرێم گفتوگۆیان لەبارەی زمانی کوردی کرد، مامۆستایەکی بەشداربووی دیدارەکەش پێشنیازیکرد کە پێویستە هەمووان خۆیان فێری پیتی لاتینی بکەن.
بەبەشداری وەقفی میزۆپۆتامیایا لەباکووری کوردستان، سازمانی کوردی لەرۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک، زانکۆی زاخۆ، زانکۆی جیهان، هەردوو یەکێتی نووسەرانی کورد و زانکۆی نەورۆز دیدارێکیان لەسەر زمانی دایک رێکخست.
دیدارەکە، لەرۆژی جیهانی زمانی دایک بوو کە رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21ـی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند.
لەجیهاندا شەش هەزار و 500 زمان هەیە، بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە، لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەرچی زمانی کوردییە بەپێی ریزبەندییەکە، لەریزبەندی 59ـیەمین زمانی جیهان دایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن، کە دەکاتە 0.31% ی دانیشتووانی جیهان.
زمانی کوردی بەسەر پێنج زاری سەرەکی و دابەشبووە کەهەر زارێکیش لەچەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن:
شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی .
شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسیم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها).
شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی.
شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی.
شێوەزارەکانی کورمانجیی ناوەند: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی.
زمانی کوردی بەسەر پێنج زاری سەرەکی و دابەشبووە کەهەر زارێکیش لەچەند شێوەزارێک پێکهاتوون
دلێر کەمال، ماموستایێ زانکوی نەوروز بەتۆڕی964 وت، ئامانج لەو دیدارە کۆکردنەوەی هەموو لایەنن فەرمییەکانی دهۆک بوو بۆ ئەوەی کارێکی باش بکەین لەسەر هۆشیاری زمانی کوردی و یەکخستنی زمانی کوردی و هەستکردن بەبەرپرسیارییەتی، نەک تەنیا هەر وتن بێت، بەڵکو کرداریشی لەگەڵدا بێت.
“دەمانەوێت ئەو رێکخستنەوەی پێی دەگەین لەبارەی زمانی کوردی، نووسەران لەنووسینی کتێبەکانیان پێیەوە پابەند بن، هەروەها میدیا و رۆژنامەوانانیش پێیەوە پابەند بن”.
یەکێک لەو پرسانەی کە لەدیدارەکەدا تاوتوێ کرد، بەکارهێنانی پیتی لاتینی بوو.
کوردانی باکووری کوردستان، لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانییەکان و دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ، پیتی لاتینی بەکار دەهێنن، هەرچی رۆژئاوای کوردستانە دوای بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، کاریان لەسەر پیتی لاتینی کرد و ئێستا ئەوانیش پڕۆگرامی خوێندنیان بەپیتی لاتینییە، بەڵام هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان کار بەپیتی عەرەبی دەکەن.
دکتۆر فازڵ عومەر، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد دەڵێ، یەکێک لەباشییەکانی بەکارهێنانی پیتی لاتینی خۆ دوورخستنەوەیە لەبەکارهێنانی پیتی عەرەبی، بۆیە گرنگە لەمەبەدوا خۆمان فێری بەکارهێنانی پیتی لاتینی بکەین.
زیاتر وتی “پرسی یەکخستنی زمانی کوردیش، پرسێکی ئاسان نییە و تاوەک کورد نەبێتە دەوڵەت، نابینە خاوەنی زمانی یەکگرتوو”.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک، ئەمڕۆ سێشەممە 21.2.2023 لەهەموو شارەکانی کوردستان جەندان چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق