راپۆرتى پشكێنه‌رى گشتى ئه‌مریكا:

“تاوه‌كو ئێستا هەژموونى حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە و نیوه‌ى هێزه‌كه‌  یه‌كنه‌خراوه‌ته‌وه”‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پشکنەرى گشتى ئەمەریکا ده‌ڵێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵه‌كان بۆ چاکسازیكردن لەناو هێزەکانى پێشمەرگە و دروستکردنى یەکەى سەربازى لە دەرەوەى حزبەکان لەژێر فەرماندەییەکى یەکگرتوودا به‌رده‌وامه‌، بەڵام هێشتا بەشێکى زۆرى هێزەکان لە دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر دەستى پارتى و یەکێتیدا ماونەتەوە.

ئه‌م زانیارییه‌ نوێیه‌، له‌نوێترین راپۆرتى پشکنەرى گشتى ئەمەریکا لەبارەى هەڵسەنگاندنى کارەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمان لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا و هەرێمى کوردستان، خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ بەپێی لێکتێگەیشتنى ئەمەریکا و وەزارەتى پێشمەرگە 138 هەزار پێشمەرگە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام تاوه‌كو کۆتایی ئایارى ئەمساڵ 72 هەزار پێشمەرگە خراونەتە ژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتەکەوە، بەو پێیەش 66 هەزار پێشمەرگە کە نزیکەى نیوەى ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگەیە هێشتا یەکنەخراونەتەوە.

ژمارەیەکى گەورەى پێشمەرگە لە دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و لەژێر فەرماندەیی حزبیدا ماونەتەوە کە خۆیان لە هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى دەبیننەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، هێشتا هەژموونى حزب بەسەر پێشمەرگەوە ماوە، سەرەڕاى هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنى فیرقە و لیواى یەکگرتوو، هەرچەندە هەوڵەکان دروستکردنى چەندین یەکەى سەربازییان لەژێر فەرماندەیی یەکگرتوودا لێکەوتووەتەوە، بەڵام ئەم یەکانە هێشتا پارێزگاریان لەفەرماندە حزبییەکان کردووە و لەناوچەى ژێر هەژموونى حزبەکانیان کاردەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنى پنتاگۆن و وەزارەتى پێشمەرگە، پێویستە هێزەکانى پێشمەرگە بەتەواوى رێکبخرێنەوە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتدا لەچوارچێوەى 11 فیرقەدا. لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا سێ لەو فیرقانە لەکۆى 11 فیرقە بەتەواوى دەستبەکاربوون و سیانى دیکە هێشتا بەشێوەى سەرەتایی دەستبەکاربوون.

پێشتر، شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگە وتبووى، بەپێی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ پنتاگۆن دەبێت کۆتایی ساڵى 2026 بگەنە ئەنجامى کۆتایی و هەموو هێزەکان بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەوە.

پشکنەرى گشتى ئەمەریکا پێشتر و لە راپۆرتى چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا، جەختى لە مانەوەى ئاستەنگە سیاسییەکانی بەردەم یەکگرتنەوەى پێشمەرگە کردبووەوە، سەرەڕاى هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا لەو بارەیەوە.

له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكاش له‌ عێراقدا، راپۆرتەکە دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئەمەریکا سورە لەسەر پلانى کشانەوەى لە بنکەکانى عەین ئەسەد لە ئەنبار و بەغداد تاوه‌كو کۆتایی ئەمساڵ، ئەمەش بەپێی رێکەوتنەکەى لەگەڵ عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگارى مانەوەى دەکات لە بنکە سەربازییەکەى لە هەولێر تاوه‌كو کۆتایی 2026، کە سەنتەرێکى لۆجیستى هەرێمى سەرەکییە نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ باکور و رۆژهەڵاتى سوریاش.

شانەی راگەیاندنى ئەمنی لەبارەى جوڵەى سوپاى عێراق و هێز...

شانەی راگەیاندنى ئەمنی لەبارەى جوڵەى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەوە روونکردنەوە دەدات

یەکەی 70: هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێر...

یەکەی 70: هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە