گومان لەکەسێک کراوە

ئاگرەکەی ناڵپارێز کوژایەوە، بەڵام زەرەری زۆر داوە

+964
کامیار کەمال- پێنجوێن

لەسەر ئاگرە گەورەکەی ناحیەی ناڵپارێزی پێنجوێن گومان لەسەر کەسێک دروست بووە، پۆلیس بانگی دەکات و لێی دەپێچنەوە.
دوێنێ ئاگرێکی گەورە لە سنووری چوار گوندی ناحیەی ناڵپارێز کەوتەوە، کاتی زۆری ویست تا کۆنترۆڵ کرا، مەزەندە دەکرێت سەروو هەزار دۆنم پوش و پاوان سوتابێت.

هێشتا نازاندرێت بۆچی ئەو ئاگرە کەوتووەتەوە، بەڵام پۆلیس گومانی لە کەسێک هەیەو دادوەر فەرمانی بۆ دەرکردووە.

عەمید هێمن کەمەرخان لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ی وت ”دادوەر فەرمانی دەرکردووە کەسێک بانگ بکەین بۆ لێکۆڵینەوە، دوای ئەوە دەزانین چی بووە”.

ئاگرەکە سنوری گوندەکانی گەڵۆز و هەرزەلە و سەرکان و گەوڕانی گرتوەتەوە، پۆلیسی ناحیەکەو خەڵکی هەر چوار گوندەکە و خۆبەخشان چوون بە هانایەوە.
عەمید هێمن دەڵێت ”ناوچەکە مینی زۆر لێیە، بۆیە ئەرکی کوژاندنەوەی سەخت بوو، نەدەتوانرا بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت.

رێکخراوی ملەکەوە بەشێک بوون لەو تیمەی هەرەوەزییان کرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، رێبوار کەمال سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964ی وت لە دوێنێوە هەتا نزیک کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەوڵدرا ئینجا ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.

ئاگرەکەی ئەو چوار گوندە تاکە ئاگری ئەو ناوچەیە نییە، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، لە شاخی پیر میکایل کە سنوری چوار گوندی نزیک باشماخە ئاگر کەوتەوەو زیاتر لە دەهەزار دۆنم سوتا.

ئاگرەکەی ناڵپارێز کوژایەوە، بەڵام زەرەری زۆر داوە

ئاگرەکەی ناڵپارێز کوژایەوە، بەڵام زەرەری زۆر داوە