بەشێکە لە پرۆسەی چارەسەری

پەیامى ئۆجەلان بۆ ئاوارەکانی کەمپی مەخمور: دەگەڕێنەوە زێدی خۆتان

964+

ژووری هەواڵ

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، بەهۆی پرۆسەی چارەسەری، دانیشتووانی کەمپی مەخموریش دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، دەشڵێت، ئەو ئاوارانە لە مێژووی تێکۆشاندا رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە.

لە پەیامێکدا کە بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور خوێندرایەوە، ئۆجەلان وتویەتی، “یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکانمان [لەبارەی پرۆسەی چارەسەری] تایبەتە بە بارودۆخی گەلەکەمان لە مەخمور، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا، ئەوانیش دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.

لە کاتی خوێندنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلاندا، بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی کەمپەکە ئامادە بوون، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاندووە، ئاوارەکانی کەمپەکە لە پرۆسەی ئاشتی و بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا خاوەنی رۆڵ و ئەرکی گرنگ دەبن.

راشیگەیاندووە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، دانیشتووانی کەمپی مەخمور قارەمانێتییەکی گەورەیان پیشانداوە و رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، بە کردار پیشانیانداوە بەرخۆدان ژیانە.

ئاوارەکانی کەمپەکە و پەنابەرانی ئەوروپا “بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە و خۆیان شوێنی گەڕانەوەکەیان دیاریدەکەن”، ئۆجەلان وا دەڵێت.

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی باکوور دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن، کە بەهۆکاری سیاسی لە زێدی باکوور ئاوارە کراون.

کەمپی مەخمور؛ عێراق دابەشکردنی خۆراکی راگرتووە و ناسن...

کەمپی مەخمور؛ عێراق دابەشکردنی خۆراکی راگرتووە و ناسنامە دروست ناکات