رێنماییەكان جێبەجێ‌ بكەن زەرەر ناكەن

964 پێتان دەڵێت چۆن كارەبای 24 كاتژمێری بەكاربهێنن

964+

محەمەد فاتیح

بۆ بەكارهێنانی كارەبای 24 كاتژمێری كە پڕۆژەی رووناكی دابینی دەكات، پێویستی بە هۆشیاری و تێگەیشتنێكی باشترە و دەبێت بەرپرسیارانە بەكاری بهێنن، هەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی پارەیەكی كەمترتان لەسەر بكەوێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، چەند رێنماییەكی بڵاوكردووەتەوە و پێتان دەڵێت، ئەگەر دەتانەوێت مانگانە پسولەی پارەی کارەبای کەمترتان بۆ بێتەوە، بەمشێوازە کارەبا بەکاربهێنن:

ئامێرەكان بكوژێنەوە كاتێك بەكاریان ناهێنیت:

-بەكارهێنانی بۆیلەرەكەت بۆ كاتژمێرێك كەمتر لە رۆژێكدا، ئەگەر پێویستيت پێی نەبوو، نزیكەی 70كیلۆوات كاتژمێر لە مانگێكدا پاشەكەوت دەكات.

-بەكارهێنانی 10 گڵۆپی لید بۆ كاتژمێرێك كەمتر لە رۆژێكدا، ئەگەر پێویستیت پێیان نەبوو، نزیكەی 70 كیلۆوات كاتژمێر لەمانگێكدا پاشەكەوت دەكات.

ئامێرەكان بەشێوەیەكی كاراتر بەكاربهێنە:

-دەرگا و پەنجەرەكانت دابخە، بۆ ئەوەی سپلیتەكەت كارەبای كەمتر بەكاربهێنێت.

-هەرچەندە ژوورەكە گەرمتر بمێنێتەوە سپلیتەكەت ناچار دەبێت زیاتر كار بكات و بەمشێوەیە وزەیەكی زیاتری پێویست دەبێت بۆ بەكارهێنان.

ئامێرەكان بگۆڕە بۆ رێكخستنی كاراتری ئامێرەكان:

-بۆ نموونە، دانانی سپلیتەكەت لەسەر 23 پلەی سیلیزی لە بری 18 پلەی سیلزی، بۆ پاشەكەوتكردنی تا نزیكەی 25% بەكارهێنان.

-رێكخستنە ئۆتۆماتیكییەكانی سەر ئامێرەكەت رێكبخە، بۆ نموونە دڵنیابە لەوەی بۆیلەرەكەت (گیزەر) بە شێوەیەكی خۆكارانە كار ناكات، ئەگەر پێویست نەبێت.

كاتێك دەتوانیت ئامێری كاراتر بەكاربهێنە:

-بۆ نموونە گڵۆپی لید بەكاربهێنە، لەبەری جۆرە كۆنەكان.

-گڵۆپەكانی لید بە گشتی نزیكەی پێنج هێندە كاراترن لە وزەدا.

كاتێك ئامێری نوێ‌ دەكڕیت جۆری كاراتر لە وزەدا لەبەرچاو بگرە :

-بەگشتی لە 30% بۆ لە 20% ئامێرە مۆدێل تازەكان كاراترن وەک لە جۆرە كۆنەكان.

"كوردستان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات"