نزیکەی دوو ملیۆن کەس کوژران
سەدام هات بە سەریدا و وتی یەڵا شەڕە، بەس چۆن شەڕێک؟
+964
ژووری هەواڵ
سەدام هات بە سەریدا و وتی یەڵا شەڕە، بەس چۆن شەڕێک؟، هەر ئەوەندەی دەستی پێکرد هەتا هەشت ساڵی رەبەق ئاگرەکەی خۆش نەبووەوە.
لە 22ی 9ی ساڵی 1980 لەپڕ هێزی ئاسمانی عێراق هێرشی کردە سەر ئێران، ئیتر ئەمە بوو بەسەرەتای شەڕەکە، بەڵام عێراق دەیوت نانا وانییە 4ی مانگ دەستی پێکردووە، ئەوان زووتر دەستیان وەشاندووە. بە بگەڕێینەوە پێش روودانی شەرەکە
لە عێراق پیاوێک هەبوو ناوی سەدام حوسێن بوو.. تا خوا حەز بکات سەر بەگۆبەند و ئاژاوەگێڕ و شەڕانی، کاتی خۆی بۆ ئەوەی کۆتایی بە شۆڕشەکەی کوردستان بهێنێت، ساڵی 1975 باس دەکەم، چوو لەگەڵ رژێمەکەی ئێران رێککەوت، وتبووی کاکە ئێوە یارمەتی پێشمەرگە مەدەن من بەشێکی باشی شەتوڵعەرەب دەدەم بە ئێوە.
بەڵام لە ساڵی 1979 وەزع گۆڕا، سەدام حسێن لە جێگری سەرۆک کۆمارەوە بوو بە سەرۆک کۆمار، لە ئێرانیش رژێمی پادشایەتی گۆڕا و خومەینی هاتە سەر حوکم، ئەم گۆڕانکارییانە ساڵی 1979 روویاندا، بۆیە لە 1980 کردیانە شەڕ (شەری ئێران و عێراق)
وەلحاسڵ، کە شەڕەکە دەستی پێکرد سەرەتا هەموو شت لە قازانجی سوپای عێراق بوو، تا گەیشتە ئەوەی شاری خورمشەهریشی گرت، بەڵام ئیتر لە ساڵی دووەمەوە ئێران خۆی کۆکردەوە و ئەو ناوچانەی گرتەوە و چەند ناوچەیەکی موهیمی عێراقیشی گرت.
سەدام کە بەزمەکەی نابووەوە زوو زوو دەیگوت با شەڕ رابگرین، بەڵام خومەینی رازی نەدەبوو، دواجار ئەویش لە 8ی8ی 1988 رازی بوو شەڕ وەستا، بەڵام دوای چی؟
بە پێی مەزەندە ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن کەس لەو شەڕەدا کوژران و زیانەکانیش دەڵێن گەیشتووەتە 400 ملیار دۆلار.
دوایش هەردوولا دەتوت نە بایان دیوە و نە بۆران.