پیرێکی ئاخر خێر
خەمی توینێتی باڵندەکان ھەموو رۆژ رێگایەکی دوری پێدەبڕێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەیانیان زوو دوای ھەستان لەخەو دەبەکانی پڕدەکات لە ئاو و بە پەتێک دەیانبەستێتەوە و دەیانکاتە شانی، رێگایەکی دوور دەبڕێت بەپێ، تا تونێتی باڵندە و ئاژەڵەکان دەشکێنێت.
ئیحسان موحسن، تەمەنی 69 ساڵە، دانیشتووی ناحەیەی رزگارییە لە قەزای کەلار بەدەم پڕکردنی دەبەکانی قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ماوەی دوو ساڵە لە وەرزی ھاوین، ھەموو رۆژێک ئەم دەبانە پڕدەکەم لە ئاو و دەیبەمە دەشتاییەکانی ناحیەی رزگاری و ئاو بۆ پەلەوەرەکان دادەنێم.
بەیانیان شەش دەبە و ئێوارانیش شەش دەبەی پڕ لە ئاو بە پەتێک دەکاتە شانی و ملی رێگا دەگرێت، تا دەگاتە ئەو جێگایانەی خۆی ئامادەی کردووە و دایناوە بۆ ئاژەڵ و پەلەوەرەکان، پڕیان دەکات لە ئاو تا ئەوانیش دێن تینوێتیان دەشکێنن، وەک ئەوەی باسی کرد، 17 جێگەی داناوە بۆ ئاو خواردنەوەی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان.
مام ئیحسان دەڵێت، چۆلەکە و سوێسکە و کەروێشک و کۆتر چەندین ئاژەڵ و باڵندەی دیکە دێن، لەو سەتڵە ئاوانەی کە دەیناوە ئاو دەخۆنەوە، ئەمیش دڵخۆشە بە کارەکەی و دەڵێ، لە کاتی پیاسەکردنی خۆی کە بێتاقەت بووە، خودا ناویەتیە دڵی ئەو کارە بکات.
ئیحسان موحسن باسی لەوەکرد، راستە بەم گەرمایە زۆر ماندوودەبم، بەڵام لەبەر خودا دەیکەم، ئەوەندە دڵخۆشم بەم کارەم وائەزانم هەموو دنیا بۆمن ئیش دەکەنم کاتێک دێم و ئاو بۆ باڵندەکان دادەنێم.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا