وێنەی بەشێک لەو جگەرەی لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە دەستی بەسەرداگیراوە وێنە: ئاسایشی راپەڕین
لە حاجیاوا و چوارقوڕنە
دەست بەسەر 167 پارچە جگەری قاچاخ و 30 سەتڵ ماستی ساختەدا گیرا
964+
ژێوار خدر
هۆبەی ئابوریی یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر جگەری هاوردەکراوی ئێرانیدا گرت کە فرۆشتنی قەدەغەیە و لەلایەکی دیکە و ئەم جارە لە چوارقوڕنە فرۆشیارێکی دیکە ماستی کارگەی بەناوی خۆماڵی دەفرۆشت، بەڵام ئەویش نەیتوانی بۆی دەربچێت و ماستەکەی لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە دەستی بەسەرداگیرا.
ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، هێزەکانمان سەرەتا لە دوکانی “گەسی حاجیاوا” لەناو بازاڕی قەزاکە، دەستیان بەسەر حەوت پارچە جگەری ئێرانیدا گرت، دواتر ماڵی خاوەنی دوکانەکەیان پشکنی لە گەڕەکی سەردەم، لەوێش بڕی 160 پارچەی دیکەی هەمان جگەریان دۆزییەوە و دەستیان بەسەردا گرت، چونکە جگەرەکە شیاوی خواردن نەبوو و قەدەغە کرابوو.
دەشڵێت، دووکانەکە داخراوە و خاوەنەکەشی غەرامە کراوە و بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە کە کارەکەی دووبارە نەکاتەوە، تەواوی جگەرە دەستبەسەرداگیراوەکەش لە چیای ماکۆک لەناوبرا.
لە چالاکییەکی جیاوازدا و ئەم جارە ئاسایشی راپەڕین لە چوارقوڕنە کەسێکیان دەستگیرکرد کە ماستی کارگەی بەناوی خۆماڵییەوە دەفرۆشت، وەک ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، ئەو کەسە ماوەیەکە ماستی کارگەی “کانی ماران”ی وەک ماستی خۆماڵی بە هاوڵاتییان فرۆشتووە و ماستەکەشی لە ساردکەرەوەدا هەڵنەگرتووە، هەر روژە و لە شوێنێکی جیاوازدا فرۆشتوویەتی بۆ ئەوەی شوێنی دیار نەبێت و بە حسابی “ماستی مەڕ و مانگا و بزن” بە خەڵکی فرۆشتووە.
کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی، ئەو کەسە لەکاتی فرۆشتنی ماستەکاندا بە 30 سەتڵەوە دەستگیرکرا و دواتر تەواوی ماستەکەی لەلایەن تیمەکانەوە لەناوبرا.