لە رێکەوتی 1.10.2025 دەستپێدەکات

کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ هاونیشتمانیانی دیاسپۆرا رێکدەخرێت

964+

ژووری هەواڵ

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سێ کۆرس بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ کوردستانیانی دیاسپۆرا رێکخراوە و وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، بەشداربووان بڕوانامەی فەرمیان پێبەخشراوە و کۆرسی نوێ دەکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لە رێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، خزمەتگوزاری کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین بۆ کوردستانیانی دیاسپۆرا فەراهەم کردووە.

لە ساڵی 2022ـەوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، سێ کۆرس بە بەشداریی هەزار هاونیشتیمانی لە وڵاتانی جیاجیاکانی جیهانەوە “بەسەرکەوتوویی” بەڕێوەچووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە وا دەڵێت.

بڕیارە لە رێکەوتی 1.10.2025، کۆرسی چوارەم دەستپێبکات و ئێستا وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاری بۆ دەکات و وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامەی زمانی کوردی بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی و بادینی و کرمانجی دەگوترێنەوە.

“داوا لە سەرجەم کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکەین کە وەک ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانتان لەهەر ئاست و تەمەنێکدابن تۆمار بکەن، گرنگیدانی ئێوەی هێژا بە زمانی شیرینی دایک، زمانی کوردی، ئەرکێکە لەبواری پاراستنی شوناسی نەتەوەییمان”، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات وا دەڵێت.

بۆ تۆمارکردن تکایە ئەو فۆرمە ئەلیکترۆنییە پڕبکەنەوە بە گرتەکردن لەم لینکە:

https://kurdistanidc.org/ziman