کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقوڵی بەردەوامە – وێنە؛ پارێزگای هەولێر
هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە
“مانگی 11 دووسایدی گۆمەسپان – سماقوڵی تەواو دەبێت”
964+
شۆڕش قادری
بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ دووسایدی گۆمەسپان – سماقوڵی تەواو ببێ و ئیدی شۆفێران لە چاڵوچۆڵی و نەهامەتییەکانی ئەو رێیە رزگاریان دەبێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقوڵی، بە باشترین شێوە و بە چڕی بەردەوامە و واچاوەڕوان دەکرێت لە كۆتایی مانگی 11ـی ئەمساڵ تەواو بکرێت.
پڕۆژەی دووسایدی (گۆمەسپان – سماقوڵی) لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەنداوی گۆمەسپان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی گەشتیاری و پەرەپێدانی ئابووری بە گوژمەی 210 ملیار دینار، لەلایەن کۆمپانیای “هێمن گرووپ” دەست بەجێبەجێکردنی کراوە، كە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە و شەقامی دەوروبەری بەنداوەكەش دەگرێتەوە، مەوداكەی 22 كیلۆمەترە و شەش ژێرپرد و سێ بەرزەپرد لەخۆی دەگرێت.