ئەمڕۆ گردبوونەوە
خاوەن حانووتی قوتابخانەكانی سلێمانی داوای قەرەبووی پارساڵ دەكەنەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
ژمارەیەكی زۆر لە خاوەن حانووتی ناو قوتابخانەكانی سلێمانی، گردبوونەوە و داوادەكەن قەرەبووی ساڵی رابردوویان بۆ بكرێتەوە، كە پارەیەكی زۆریان داوە و ماوەیەكی كەم كاریان كردووە.
گردبوونەوەكەی ئەوان ئەمڕۆ چوارشەممە 6.8.2025 لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بوو.
ئەژی یوسف، نوێنەری فرۆشگای قوتابخانەكان بۆ 964 وتی، “پارساڵ زەرەری زۆرمان كردووە، ئێستاش ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی دەركردووە بۆ ساڵی نوێ كرێی 100% لە خاوەن حانووتەكان وەربگیرێت و باسی قەرەبوو ناكات، لە كاتێكدا ئێمە پارساڵ بەهۆی هەڵبژاردن و بایكۆت و سەرژمێرییەوە تەنیا 60 رۆژ كارمان كردووە و كرێی تەواومان داوە، لە كاتێكدا دەبوو 140 رۆژ كاربكەین”.
وتیشی، داوا دەكەین قەرەبووی پارساڵمان بۆ بكرێتەوە، چونكە بە گشتی زەرەرمان كردووە و زیانەكانمان سەرووی ملیار و نیوێك دینارە”.
هاوكات چەند خاوەن حانووتێكی دیكەش بۆ 964 قسەیان كرد و هەریەكەی بە بڕێك پارە زەرەریان كردووە و داوا دەكەن قەرەبو بكرێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا