داوای بەهاناوەچوون دەکات

عەینەدین: یارمەتیم بدەن خودا یارمەتیتان بدات

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

هونەرمەند عەینەدین لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای هاوکاری و بەهاناوەچوون دەکات، جەلالی سازیش دەڵێت، لە سلێمانی کەمپەینی بۆ دەکەین.

لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بۆ تۆڕی964 نێردراوە، هونەرمەندی میللی کوردستان، عەینەدین مەریوانی داوای بەهاناوەچوون دەکات و دەڵێت، “گرفتم بۆ پێش هاتووە و دەستی یارمەتی بۆ ئێوە درێژ دەکەم”.

بڕیارە سبەی سێشەممە 21.2.2023 هونەرمەند عەینەدین مەریوانی، بگاتە شاری سلێمانی و لەسەر پێشنیازی سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کەمپینێکی پارە کۆکردنەوەی بۆ رێکبخرێت، ئەو لەئێستادا لەشارۆچکەی کانی دیناری سەربەشاری مەریوان نیشتەجێیە.

جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرمەندانی میللیە لەسلێمانی بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد وتی “عەینەدینی هونەرمەند، توشی کێشەیەکی خێزانی بووە، لەخێزانی دووەمی جیابۆتەوە، خێزانەکەشی داوای مارەییەکەی دەکات و ئەویش توانای دارایی باش نییە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەگەر پارەی مارەییەکە نەدات، یاسا خانووەکەی وەک قەرەبووی مارەیی دەدات بەهاوسەرەکەی، مافی مانەوەی لەماڵەکەیدا لێ دەسەندرێتەوە و دەکەوێتە سەرشەقام”.
بەگوتەی جەزای ساز، بڕی ئەو پارەیەی عەینەدین دەبێت وەک مارەیی بیدات، بەپارەی تومەنی ئێرانی 35 ملیۆنە، ئەو بڕە پارەیە دەکاتە حەوت سەد دۆلاری ئەمریکی.
جەزای ساز، ئەوەشی وت “داوا لە هونەرمەندان دەکەم، وەفایان بۆی هەبێت و بتوانن هاوکاری بکەن و کۆمەکی بکەن نەهیڵن بکەوێتە سەرجادە”.

عەینەدین مەریوانی، هونەرمەندێکی میللی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەساڵی 1960 لە گوندی دزڵی هەورامان لەدایکبووە، لەتەمەنی منداڵی توشی نەخۆشی چاو دەبێت و بەهۆیەوە بینایی لەدەست دەدات.

پێداچونەوەی فەهمی نەبی