دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە، فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگای هەولێر
هەولێر ئامادەكاری دەكات
یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی بۆ هەڵبژاردنی عێراق كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا و پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەموو ئاسانكارییەك بۆ لقی هەولێری كۆمیسیۆن دەكەن.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ یەكشەممە 3.8.2025 بە 964ی راگەیاند، یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگا بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، كە بەرپرسی لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نەبەرد عومەر ئامادەی بوو.
وتیشی، “گوێمان لە ستافی كۆمیسیۆن گرت و وەك پارێزگا هەموو ئامادەیی و هاوكارییەكمان دەربڕی، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە هەولێر بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین”.
“دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى دەنگدانى گشتى لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، خزمەتگوزارییەکانى دیکەش بەپێى رێکار و رێوشوێنی پێویست دەستنیشانکران، بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکە، هەموو هاوکاریی و پاڵپشتییەکى پارێزگا و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بۆ نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دووپاتکردەوە”، پارێزگاری هەولێر وای وت.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.