لەماوەى هەفتەیەک دووەم مزگەوتە دابخرێت

سلێمانى؛ کەمئاوى دەرگاى مزگەوتێکى تریشى داخست

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى

بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوە لە سلێمانى، دەرگاى مزگەوتى رەسوڵ لە گەڕەکى بەختیارى داخرا، بەم هۆیەوە لەماوەى یەک هەفتەدا دەرگاى دووەم مزگەوتە دادەخرێت.

کەمێک لەمەوبەر، ئیدارەى مزگەوتى رەسوڵ لەسەر دەرگاى مزگەوتەکە بە دوو وەرەقەى گەورە نوسیویانە” بەهۆى کەمئاوى داخراوە”.

پەیامنێرى 964 قسەى لەگەڵ ئیدارەى مزکەوتەکە کردووە و وەک ئەوەى پێیان راگەیاندووە، بەهۆى وشکبوونى بیرى مزگەوتەکەو کەمئاوى، دەرگاى مزگەوتەکە داخراوە.

وتوشیانە تەنیا نیو کاتژمێر پێش بانگ و نیو کاتژمێر دواى بانگ دەرگاى مزگەوتەکە دەکەنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى نوێژخوێنان بە کۆمەڵ نوێژەکانیان ئەنجام بدەن.

لاى خۆیەوە، ئامانج جەلال، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى بە 964ـى وت،”پڕۆژەى ئاوى سەرچنار 80%ـى ئاوەکەى لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆى گرفتى کەمئاوى، چونکە ئێستا تەنیا دەتوانین لە هێڵى یەک و دووى دوکان و ئەو بەشەى سەرچنار، ئاو دابین بکەین”.

لەئێستادا دانیشتوانى سلێمانى لە چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و پێنجشەممە و هەینى رابردووش، بەهۆى کەمئاویەوە، دوو رۆژ دەرگاى مزگەوتى کانێسکان داخرا.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح

بەشێوەیەکى کاتى؛ کێشەى بێئاوى مزگەوتى کانێسکان چارەسە...

بەشێوەیەکى کاتى؛ کێشەى بێئاوى مزگەوتى کانێسکان چارەسەر بوو