پێویستیان بە بیرە

بەشێوەیەکى کاتى؛ کێشەى بێئاوى مزگەوتى کانێسکان چارەسەر بوو

دیلان محەمەد- سلێمانى

بۆ ماوەی دوو رۆژ بوو، دەرگاکانی مزگەوتی “کانی ئاسکان” لە شاری سلێمانی بەهۆی نەبوونی ئاوەوە بەڕووی نوێژخوێناندا داخرابوون، پێشنوێژی مزگەوتەکە دەڵێت، بیری مزگەوتەکە وشکی کردووە و داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێت بیرێکی نوێ هەڵبکەنن.

مامۆستا ئیدریس حامید، پێشنوێژی مزگەوتی کانی ئاسکان، بە 964ـی راگەیاند، “لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەی بێئاوی رووی تێکردین و بە ناچاری دەرگای مزگەوتمان داخست، چونکە ناکرێت مزگەوت بەبێ ئاو کراوە بێت.”

بەوتەی مامۆستا ئیدریس، بیری مزگەوتەکە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاویان بووە، بەرەو وشکبوون چووە و تەنها یەک مەتر ئاوی تێدا ماوەتەوە، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ دروست کردوون.

مامۆستا ئیدریس وتیشى، “لە دوێنێ شەوەوە ئاو گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆ نوێژی هەینی و عەسریش لە مزگەوتەکەدا ئەنجام درا.”

سەرەڕاى چارەسەربوونى کێشەکە، بەڵام پێشنوێژی مزگەوتەکە نیگەرانە لە دووبارەبوونەوەی کێشەکە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە رێگەپێدانیان پێ بدەن بۆ هەڵکەندنی بیرێکی نوێ، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی هەمیشەیی کێشەی ئاوی مزگەوتەکە چارەسەر بکەن و جارێکی دیکە ناچار نەبن دەرگاکانی دابخەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح