هەڵاتنی کوردانی ئێزدیی لە زێدی خۆیان - وێنە: ئاژانسەکان
11 ساڵی پاش جینۆساید
چارەنووسی 2600 کەس لە کوردانی ئێزدی نادیارە
964+
ئەحمەد مستەفا
تائێستا و پاش تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگال، چارەنووسی دوو هەزار و 600 کەس لە کوردانی ئێزدی نادیارە، سەرەڕای ئەوەی 90 هەزاریشیان بەیەكجاریی عێراقیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووە.
لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا داعش پەلاماری شنگال و ناوچەی ئێزدیی نشینەكانیدا، ئەو رۆژە سەرەتای نەهامەتیی و جینۆسایدی ئەو پێكهاتەیەی كوردستان بوو لەسەر دەستی چەكدارانی ئەو رێكخراوە.
ئێزدییەكان پریشكی گەورەی هێرشەكانی داعشیان بەركەوت لە عێراق، لەكۆی 550 هەزار كەس 390 هەزاریان ئاوارەبوون و تائێستا ژمارەیەكی كەمیان گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، 90 هەزاریشیان بەیەكجاریی عێراقیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەمێژە ئێزیدیەكان زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن كە خاوەنی كۆنترین ئایینن لە عێراق، ژمارەیان لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار كەس دەبێت، بە درێژایی مێژوو روبەڕووی 73 قڕكردنی بەكۆمەڵ بوونەتەوە، دواینیان ئەو قڕكردنە بوو كە لەسەر دەستی داعش دووچاری هاتن.
لە کۆتا فەرمانی سەر ئەو پێکهاتەیە، رێکخراوی داعش زياتر له شەش هەزار كچ و ژنى ئێزدى رفاند و له بازاڕەكانى ژێر دەسەڵاتى خۆى، كڕين و فروشتنی پێوه دەكردن، یەکێک لەوانە چیرۆکێکی تراژیدی؛ کچە کوردێکی تەمەن 10 ساڵانی ئێزدی بوو، 10 جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکرابوو.
بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت پێشتر رایگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 کوردی رفێندراوی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون، ئەو نەیشاردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی عێراقی یان نێودەوڵەتی هیچ هاریکارییەکی داراییان ناکەن بۆ رزگارکردنی رفێندراوان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆکراونەتەوە، لە چەند رۆژی هێرشەکانی داعشدا لە ناوچەی شنگال لەساڵی 2014، نزیکەی نۆ هەزار و 900 کوردی ئێزدی (واتە 2.5%ی دانیشتووانی ناوچەکە) کوژراون یان رفێنراون، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 100 3100 کەسیان کوژراون کە 1400 کەسیان بە گولـلە، سەربڕین و زیندەبەچاڵکردن بووە.
تیمێکی گۆڤاری فۆرین ئەفەیرز راپۆرتێکیان لە 13 کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ 1300 خێزاندا کردووە و لەبارەی کوشتار و رفاندنی ئەندامانی خێزانەکە لەلایەن داعشەوە پرسیاریان کردووە.
1700 کەسیشیان بەهۆی برسێتی یان تینوێتی مردوون. 6800 کەسەکەی دیکەش (واتە 1.7% دانیشتووە ئێزدییەکانی ناوچەکە) رفێنراون، لە کاتی ئەنجامدانی راپۆرتە مەیدانییەکەدا 4300 کەس (واتە نزیکەی 67%ی رفێنراوەکان) رزگاریان ببوو، 2600کەسیش (واتە زیاتر لە 33%ی رفێنراوەکان) شوێنبزر بوون.