دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
"سەرجەمیان لە هەرێمن"
دەروازە نایاساییەکان تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدایە
964+
ژووری هەواڵ
سەرجەم ئەو دەروازە سنوورییانەی کە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نایاسایی بەکاردەهێنرێن، دەکەونە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە قسەی رێکخەری گشتی کاروباری پارێزگاکانی عێراقە.
ئەحمەد فەتلاوی، رێکخەری گشتیی کاروباری پارێزگاکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دۆسیەی بەڕێوەبردنی سنوورەکانی عێراقە و نەبوونی چاودێری لەسەر دەروازە نایاساییەکان، “کە هەموویان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە”، بووەتە کێشەیەکی راستەقینە.
ئەو بەرپرسەی عێراق دەشڵێت، توانای چاودێریکردنیان لەسەر دەروازانەی کە دەکەونە ناو هەرێمەوە، سنووردارە.
لە مانگی شەشی ئەمساڵیش، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق وتی، لە کۆی 26 دەروازەی سنووری لە هەرێمی كوردستان تەنیا شەشیان یاسایین.