نوێترین وێنەی حەجاج ئەحمەد حەردان جەلادەکەی نوگرە سەلمان – وێنە؛ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
"بنەماڵەکەی وتوویانە مردووە"
ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەفەرمی دەستگیرکردنی جەلادەکەی نوگرە سەلمانی راگەیاند
964+
شۆڕش قادری
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نوێترین وێنەی جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای زیاتر لە شەش مانگ توانیویانە عەجاج ئەحمەد حەردان لە پارێزگای موسەننا دەستگیر بکەن.
“دوای ئۆپەراسیۆنێکی وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند، عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە عەجاجی نوگرە سەلمان، یەکێک لە داواکراوەکانی رژێمی پێشوو دەستگیر کرا”، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان دێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە کە تۆمەتبارن بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعس.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە هەوڵێکدا بۆ بەلاڕێدابردنی دەزگا ئەمنییەکان، بنەماڵەی عەجاج لە ماوەی رابردوودا بەردەوام ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە ناوبراو مردووە، بەڵام دواجار بە هەوڵی دەزگا هەواڵگرییەکان تۆمەتبار دۆزراوەتەوە و دەستگیر کراوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان ئەفسەرێکی ئەمنیی رژێمی لەناوچووی بەعس و بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بوو کە تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر سەدان زیندانی، بەتایبەتیش ئەنفالکراوان و زیندانییە کوردەکان.