ئەمە دووەم جارە

پێنج رۆژی وادەی بوون بە کارمەندی کۆمسیۆن درێژکرایەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق، ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی دەنگدانی درێژکردەوە، ئەوەش لە دەقی بڕیارنامەی دەستەی کۆمیساریان لە پێگەی فەڕمی بڵاوکردەوە.

بڕیارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31.7.2025 دەرکراوە و پەیوەستە بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق کە لە رۆژی 11.11.2025 بڕیارە ئەنجام بدرێ.

لە بڕیارەکەدا ئەوە باسکراوە، بۆردەکە تاوتوێی یاداشتنامەی فەرمانگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردنەکانی کردووە، دەربارەی درێژکردنەوەی داواکارییەکان وەک ستافی پڕۆسەی دەنگدان، دوای تاوتوێکردنی ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران بڕیاری درێژکردنەوەیان داوە.

درێژکردنەوەی داواکاری بۆ کارکردن وەک ستافی کارمەندی رۆژی دەنگدان، 5.8.2025 درێژکرایەوە و ئەمە دوومجارە، وە ئیدارەی هەڵبژاردنەکان راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانی رێکاری پێویست.

جومانه غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە 964ـی وت، “میکانیزمی هەڵبژاردنی كارمەندانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمانی عێراق، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

-فەرمانبەری سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت دەگرێتەوە جگە لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان.

-خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان.

-دەبێت پێشكەشكار تەمەنی لە نێوان 19 بۆ 50 ساڵ بێت.
-ئەوانەی فەرمانبەری حكومەتن دەبێت بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت و دەرچووانیش دەبێت خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم بن.

-پێویستە داواکار کارتی دەنگدەری درێژخایەنی هەبێت و دانیشتووی پارێزگاكە بێت و بەپێی ناوچەی جوگرافیای ناوەندی تۆمارکردن، داواکاری پێشکەش بکات.

-داواکار دەبێت بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکات کە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی نایگرێتەوە.

-نابێت بە تاوانێکی گەورە سزا درابێت، يان ئەندامی هێزی ئەمنی یان سەربازی بێت.

-نابێت نوێنەری پارتە سیاسییە کێبڕکێکارەکان بێت یان چاودێرێکی رێکخراوی مەدەنی بێت لە رۆژی هەڵبژاردندا، هەروەها دەبێت سەربەخۆ بێت و پابەند بێت بە رێساکانی رەفتارەوە.

-پرۆسەی داواکاری بۆ کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان لە رێگەی بەستەرێکى ئەلیکترۆنییەوە دەبێت کە کۆمسیۆن بە مەبەستی تۆمارکردنی زانیارییەکان بڵاوی دەکاتەوە.