دیمهنى ئۆتۆمبێلێكى غازفرۆش له كۆڵانێكی ههڵهبجه - وێنه: ئەرشیف
مەرجیان هەیە
بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان لە هەڵەبجە بریکاریان دەوێ
964+
ئەحمەد مستەفا
نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە، لە رێگەی قایمقامیەتەوە دەیەوێ بریکاری غازی ماڵانی دەستبکەوێ و کۆمەڵێک مەرجیان بۆ ئەو کەسەش هەیە کە دەبێت بە بریکاریان.
پێشکەشکردنی داواکاری بە نوسراوی فەڕمی دەبێت، لە قایمقامیەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە، دەیانەوێ هەموو ئەو بەڵگەناش ببینن، کە کێ دەکەن بە بریکاریییان بۆ گەیاندنی غاز بە ماڵان، کە زۆرجار لە رێگەی “کیا دوو تۆنی” یان “نیسان پیکئاب” ئەو کارە دەکرێ و کۆڵان و گەڕەک دەگەرێن.
بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکان بێت، پێویستە پێشکەشکار موچەخۆر نەبێت لە هیچ دامودەزگایەکی هەرێمی کوردستان و عێراق، وە لە رەگەزی نێر بێت و تەمەنی 18 ساڵ کەمتر نەبێ و مۆڵەتی شۆفێرییەکەی لە جۆری “گشتی” بێت.
لە بارەی ئۆتۆمبێلەکەی، دەبێت لە جۆری سوتەمەنییەکەی گاز بێت، ساڵنامە “سەنەوییەکەی” بەناوی خودی ئەو کەسەوە بێت، کە داواکاری پێشکەش دەکات بۆ بوون بە بریکار، لەگەڵ ئەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی ژمارەی هەرێمی کوردستان بێت و مەرجی توندتۆڵی بۆ کرابێ.
ئەم پێویستییە کەسیانەشی دەوێ، كارتى نيشتيمانى، كارتى زانيارى، كۆدى ئاسايش، مۆڵەتى شۆفێرى گشتى، سەنەوى سەياره.
لە پارێزگای هەڵەبجە بە نزیکەی، 28 هەزار خێزان نیشتەجێن، کە کۆی هەموو خێزانەکان زیاترە لە 150 هەزار کەسە، لەگەڵ ئەوەدا دەیان چێشتخانە، نانەواخانە، فرۆشگە و دوکانی خواردەمەنی غاز بەکاردەهێنن.
لە کارگە غازی (هەورامان لە ناحیەی خورماڵ و بیارە، کارگەی غازی سیروان لە ناحیەی سیروان، کارگەی غازی هەڵەبجە، کارگەی غازی عەبابەیلێ ) غازی ماڵان دابین دەکرێ.