42 ساڵ لەمەوبەر روویدا
ئەمڕۆ رۆژی جینۆسایدکردنی بارزانییەکانە
964+
فەرهاد حەسەن
ئەمڕۆ 31.7.2025 رۆژی جینۆسایدی بارزانییەکانە و 42 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تێپەڕدەبێت، کە رژێمی بەعس شاڵاوێکی 12 رۆژەی بە سێ قۆناغ بۆ کۆمەڵگە زۆرە ملێیەکان دەستپێکرد، کە هەزاران خێزانی بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێ بوون.
رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی بە هەشت قۆناغ لە ساڵی 1988 ئەنجام دا، سەرەنجام 182 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی کورد لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران، بەڵام ئەنفالی بارزانییەکان بە سێ قۆناغ جێبەجێ کرا، یەکەم قۆناغ لە 31.7.1983 دەستیپێکرد، لەئەنجامدا هەشت هەزار بازرانی ئەنفالکران.
بە پێی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تا ئێستا سێ قۆناغی هێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان ئەنجامدراوە، قۆناغی یەکەم ساڵی 2005، قۆناغی دووەم ساڵی 2014 و قۆناغی سێیەم ساڵی 2022 بوو، تا ئێستا تەنیا رووفاتی 696 ئەنفالکراوی بارزانی هێنراوەتەوە، هێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار بارزانی لە خوارووی عێراق ماون.