ئه‌مساڵیش فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئه‌نجام ده‌درێت

964+
زینوێ حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ ئه‌مساڵ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م، بیست و شەشەمین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی گەلاوێژ له‌ سلێمانی بێته‌ ئه‌نجامدان.

به‌ پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ په‌یجی بنكه‌ی رووناكبیریی گه‌لاوێژ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر ئه‌نجام دراوه‌ و ستافی بنکەی رووناکبیری گەلاوێژ لەگەڵ مەلابەختیار سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و بڕیاریان داوه‌  لە مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ فێستیڤاڵه‌كه‌ بێته‌ ئه‌نجامدان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، له‌ کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان و بەشداربووان کراوه‌.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە یه‌كێك گەورەترین فێستیڤاڵه‌ رووناکبیری و ئه‌ده‌بییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ ماوەی بیست و پێنج ساڵە  بە بەردەوامی رێک دەخرێت.

فێستیڤاڵه‌كه‌ لە لایەن بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ، کە سەر بە ناوەندی رۆشنگەریی چاودێره‌، رێک دەخرێت و ئەمساڵیش دەبێتە بیست و شەشه‌مین ساڵ و تێیدا به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری پێشكه‌ش ده‌كرێت و باشترینه‌كانیش خه‌ڵات ده‌كرێن.

بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ ساڵی 1996 دامەزراوە و به‌ ناوی گەلاوێژ كراوه‌، وەک رێزلێنان و پێزانێک بۆ خه‌باتی ئه‌ده‌بی و سیاسیی كه‌سایه‌تی و رووناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد، کە لە ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٩ گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.