"ئەمڕۆ خانوی ئێمە داگیربکرێت سبەینی گوندەکانی شوان و پردێش داگیردەکرێت "
هاوڵاتیەکی کورد لەسەر زەویە تاپۆکە خۆی بڕیاری شەش مانگ زیندانی درا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەبیانوی داکیرکردنی زەوی حکومەت و لەسەر سکاڵایەکی سوپای عێراق، دادگای کەرکوک بڕیاری شەش مانگ زیندانی کردنی هاوڵاتییەکی کوردی گوندی تۆبزاوەی سەر بە ناحیەی یایچی دا.
ئیبراهیم خەلیل، دانیشتووی گوندی تۆبزاوە بە964ـی وت، زەوی بابو باپیرانمان لە گوندی تۆبزاوەیە تاپۆمان هەیە دوای ئاوارە بوونمان لە شارەکانی کوردستان، لە ساڵانی 2003 گەڕاینەوە و ماوەی ساڵێکە خانوومان دروست کردووە و کێشەمان نەبوو، لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بەهۆی بێ دەسەڵاتی کورد لە شارەکە، ماوەی ساڵێکە فیرقەی 11ەی سوپای عێراق سکاڵای لەسەر من و 19 دانیشتووی دیکەی گوندەکە تۆمار کردووە، بەبیانوی ئەوەی زەوی وەزارتی بەرگریمان داگیرکردووە، بۆ ئەوەی نەبێتە بابەت لە دەزگا راکەیاندنەکان هەرجارە و بانگهێشتی هاوڵاتییەک دەکەن بۆ دادگا.
وتیشی، ئەمڕۆ دادگا پشتی سوپای گرت و بڕیاری دا بە شەش مانگ زیندانی کردنم، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنمەوە نەبوونی پێشینەی تاوان بڕیارەکە راگیراوە و لە ژێر چاودێری دەبم هەر کارێک لە دەروەی یاسا بکەم دەستگیرم دەکات و تا سێ ساڵ زیندانی دەکرێم.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر