دەمیرتاش پرسیار لە بەرپرسانی تورکیا دەکات

964+

توانا نەقی

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ بەرپرسە باڵاکانی تورکیا نارد، رەخنەی توندیان لەسەر نەبوونی هەڵوێست و هاوخەمی بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە لێ دەگرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەرەوە رەخنەی توندی لە بەرپرسانی تورکیا گرت و ستایشی هاوڕێیانی لە هەدەپە کرد، کە بەردوامن لە هاوکاریکردنی ئەو خەڵکانەی زیانیان بەرکەوتووە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە.

دەمیرتاش،لە زیندانەوە  پرسیار دەکات و دەڵێت “چەند سەرکردەی حیزب و بەرپرس شەوی خۆیان لە خێمەدا لەگەڵ خەڵک بەسەر برد، چەندیان توانیان لە دڵیاندا هەست بە ئازاری ئەو دایک و باوکانە بکەن، کە 13 رۆژە بە بێ نان و ئاو لەگەڵ منداڵەکانیاند ئازار دەچێژن.

باس لەوەش دەکات، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هاوڕێیانی هەدەپە، هاوسەرۆک و جێگرەکانی لە یەکەم رۆژەوە لە هەموو ناوچەکانی بوومەلەرزە چالاک بوون، ئەوانەش دەبێت شەرم بکەن کە لەسەر کورسییەکانیان دانیشتوون.

“سیاسەت ناتوانێت واقیعبینانە و هەمیشەیی بێت، ئەگەر شانبەشانی مرۆڤە ئازاربەخشەکان بونیاد نەنرێت، سیاسییەکان دەبێت هەست بە ئازارەکان بکەن، نەک تەنیا بازرگانی بکەن” دەمیرتاش، وای وت.