لە حاجى ئۆمەرانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا
هاتنی زیارتکاران خێر و بەرەکەتە بۆ شۆفێری پاسەکان
964+
ئاکام غەفور- سۆران
لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و گەلی عەلی بەگ ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی، کە بڕیارە لە 28ـی ئەم مانگەوە بێنە هەرێمی کوردستان و لێرەشەوە بەرەوە نەجەف و کەربەلا بڕۆن.
شۆفێری پاسەکان ئامادەکاری خۆیان کردووە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە دەروازەکەوە بۆ هەولێر، لە گەلی عەلی بەگیش وێستگەیەکی پشوودان ئامادەکراوە، خێمە هەڵدراوە و کورسی و فێنککەرەوە دانراون بۆ ئەوەى شۆفێران بەر لەوەى بگەن بە هەولێر پشوویەک وەربگرن.
هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز پێشوازی لە زیارتکاران بکرێت.
وتیشی، ئامادەکارییەکان بۆ شەممەی داهاتوو تەواو دەبن، لە دەروازەکە رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و هەموو ئاسنکارییەک بۆ هاتنی زیارەتکاران دەکرێت، لە حاجی ئۆمەران و گەلی عەلی بەگـیش، وێستگەی پشوودان دادەنرێت.
ماوەی پێنج ساڵە زیارەتکارانی ئێران لەڕێی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حسێن دەچنە کەربەلا و نەجەف، تەنیا لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، ساڵی 2023 زیاتر لە 120 هەزار و لە ساڵی 2024ـیش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار هاموشۆیان کردووە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح