ئەو کەسە وتەبێژ نییە

پارێزگاى هەولێر: ئەوەى بێڕێزى بە کەسانى خێرخواز کردووە پەیوەندى بە ئێمەوە نییە

964+

وریا فەتاح

پارێزگاى هەولێر روونکردنەوە دەڵێت: ئەو کەسەى بێڕێزى بە کەسانى خێرخواز کردووە، پەیوەندى بە پارێزگا و پارێزگارەوە نییە.

لە ئێوارەوە پۆستى کەسێک لە سۆشیال میدیا کە دەوترێت وتەبێژى پارێزگاى هەولێرە بڵاو بووەتەوە و بێڕێزى تێدایە بەرامبەر کەسانى خێرخواز بە تایبەت ئەو کەسەى کە دەوترێت 11 دەفتەر دۆلارى بۆ هاوکارى غەزە ناردووە.

لەسەر ئەو بابەتە، پارێزگاى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە چەند پەیجێکی سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتە، گوایە وتەبێژی پارێزگای هەولێر بێڕیزی بە کەسانی خێرخواز کردووە، جارێ پێش هەموو شتێک پارێزگای هەولێر وتەبێژی نییە، ئەو کەسەشی ئەو بابەتەی نووسیوە، تەنها لە ئەکاونتی خۆی بووە و ئەکاونتەکەشی تایبەتە و ئێستاش بابەتەکە سڕدراوەتە.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو بابەتە بە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی پارێزگا و پارێوگارەوە نییە، بەڵکو تەنها رای کەسی خۆی بووە.

” بەشێک لە کەناڵەکان بۆ بەلاڕێبردن و شواندنی راستییەکان و چەواشەکاری هاوڵاتییان، بەبێ رەچاووکردنی ئیتیک و رەوشتی کاری رۆژنامەوانی و گەڕانەوە بۆ سەرچاووەی دروستی بابەتەکە، پرسەکەیان بە ئاڕاستەیەکی دیکە دابردووە، کە نەدەبوو بەبێ ئەوەی لە سەرچاوەی فەرمی زانیاری وەربگرن، کە ئەوە بەشێکی سەرەتای کاری رۆژنامەوانییە، هەر لە خۆیانەوە بە ناوی پارێزگای هەولێر هەواڵی نادروست بڵاو بکەنەوە”، لە روونکردنەوەکەدا وا هاتووە.