بۆ رێکخستنی قەرزە

پارێزەرێک: تا گرێبەست هەبوو “کۆمپیالە” واژۆ مەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

تا گرێبەستی فەڕمی هەبێ، باشترە هاوڵاتی پەنا بۆ واژۆکردنی “کۆمپیالە”  نەبات، کە بۆ کەرتی تایبەت  لەنێوان دوو لایەن رێکدەخرێ، بەڵام ئەم ئەوەنەبێ کۆمپیالە بەهای یاسایی نەبێ، کاتێک زانرا لەلای دادنوس و بەخواستی هەردوولا واژۆ کراوە.

کۆمپیالە، ئەو نوسراوانە دەگرێتەوە، کە تێیدا لایەنێک خۆی دەکات بە قەرزداری لایەنێکی تر، بە بڕێکی دیاریکراو، وە بۆ کاتێکی دیاریکراو یان هەرکات داوای کرد، هەندێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەبری گرێبەست، کۆمپیالە لەگەڵ کارماندەکانیان واژۆ دەکەن.

جیاواز لە رێکەوتن و گرێبەستە چەسپێندراوەکان کە لایەنی فەڕمی تێیدا بەشدارە، یاسا تایبەتمەندی داوە بە دادنووس بۆ پەسەندکردنی “کۆمپیالە” کە لە نێوان دوو شەخس ئەنجام دەدرێ، ئەویش پاش وەرگرتنی رسوماتی یاسایی، پارێزەر شەماڵ عەبدولواحید دوکانی وتی، کۆمپیالە لای کۆمپانیا یان دادنووسە وەردەگیرێ، ئەگەر لای دادنووس وەرگیرا تێچووەکەی باشترە لەسەر خاوەنکار بێت.

ئەمڕۆ شەممە 26.7.2025، شەماڵ عەبدولواحید دوکانی، پارێزەر لەبارەی ئەوەی دەکرێ کۆمپیالە لە کارمەند وەربگیرێ لە نێوان خۆی و بەڕێوەبەر ئەو بە 964ی وت، تا گرێبەست هەبێ کۆمپیاڵە نابێتە گرنگ، بەڵام ئەگەر هاتوو پەنای بۆ برا، بەڵێ، خاوەنکار یان پارێزەرەکەی یان هەرکەسێکی تر دەتوانێت کۆمپیالە لە کارمەندەکان وەربگرێت، ئەگەر بێتو بەدروستی وەربگیردرێت.

مادام کۆمپیالە نوسراوێکە و یاسا پێگەی بۆ دا ئەنێت، ئەوە بزانە بە واژۆکردنی ئیتر دەکەویتە ژێر رەحمەتی بەڕێوەبەرەکەتەوە، وە چەکێکی هەمیشە سوارە بەدەستیەوە، وە گوێ لەو قسانەش مەگرە کە پێت دەڵێن ئێمە ئەوە بەکار ناهێنین لەدژت لەهیچ کاتێکدا، جا کەبەکاری ناهێنێ بۆ وەری دەگرێ، ئەمە قسەی شەماڵ دوکانییە.

مافی کرێکار لە واژۆنەکردنی کۆمپیالە لەوەدایە، کە زیاتر لەو زەرەرەی داویەتی بەرپرسیاریەتی هەڵناگرێ، ئەو پارێزەرە وتی، بۆنمونە زەرەری لە کۆمپانیا داوە بە بڕی یەک ملیۆن، یەک ملیۆن دینار دەداتەوە و تەواو، بەڵام کاتێک کۆمپیالەی واژۆ کردبێت، هەموو دەقەیەک وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بەدەستی بەڕێوەبەرەکەوەیەتی، وە ئەشێت بەتەنیا وازهێنانی لەو کۆمپانیا و دامەزراوەیە رووبەڕوی قەرزێکی زۆر گەورەی بکاتەوە.

بە گوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، کە کۆمپیالەی بە بەڵگەنامەیەکی یاسایی لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانی خاوەن قەرز ناساندووە، کە قەرزدار ئامادەی دەکات بۆ خاوەن قەرز، دەبێ داواکار تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو کردبێت، ئەگەر لە خوار هەژدە ساڵ بوو پێویستە رێگاپێدانی دادگای هەبێت بۆ کارێکی بازرگانی دیاریکراو، وە کێشەی دەروونی نەبێت.

نموونەیەک لە کۆمپیالە

نموونەیەک لە کۆمپیالە