ماوەی دوو رۆژیان داوە بە حکومەت

خۆپیشاندانەکانی خەبات بۆ ماوەیەکی کاتی وەستان

964+

ژێوار خدر

دانیشتووانی قەزای خەبات کۆتاییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکانیان هێنا، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی و تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

خۆپیشاندانەکە سەر لە ئێوارەی دوێنێ هەینی دەستیپێکرد و بەشێک لە دانیشتووانی قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر بەهۆی نەبوونی کارەبا و کەمیی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە هاتنە سەر شەقامەکان و بە گرتنی رێگەی سەرەکیی هەولێر – موسڵ و سووتاندنی چەند تایەیەک ناڕەزایەتییان دەربڕی.

درەنگانی شەوی رابردوو، دوای نزیکەی نۆ کاتژمێر لە داخستنی رێگەی هەولێر – موسڵ و دەربڕینی ناڕەزایەتی، خۆپیشاندەران رێگەکەیان کردەوە و رایانگەیاند، ئەگەر لە ماوەی دوو رۆژدا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و دووبارە رێگەکە دادەخەینەوە.

پەیامنێری 964 تەواوی رۆژەکە لە شوێنی رووداوەکەوە زانیارییەکانی دەگواستەوە و خۆپیشاندەران پێیانڕاگەیاند، ئەگەر لە زووترین کاتدا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکەن، دووبارە رێگەکە دادەخەنەوە و بەردەوام دەبن لە داواکردنی مافەكانیان.

تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە، هیچ قسەیەکیان نەکردووە و دیار نییە داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت یان نا

دانیشتووانی خەبات رێگای هەولێر – موسڵیان داخست

دانیشتووانی خەبات رێگای هەولێر – موسڵیان داخست