یەکەی FDI

سەرمایەی بیانییان راکێشا و قەڵغانی رێزلێنانیان وەرگرت

964+
ئەحمەد مستەفا

یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، قەڵغانی رێزلێنانی پێشکەش بە یەکەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی FDI لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆک ئەندامانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لەوێ ئامادەبوون.

دەستەی وەبەرهێنان هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، بەخشینی قەڵغانەکە لەپای ئەرک و ماندووبـوون و رۆڵـی بەرچاوی یەکەکە بووە، لە راکێشانی وەبەرهێنان و سەرمایەی بیانیەکان بۆ هەرێمی کوردسـتان.

یەکەی FDI، بەشێکە لە دەستەی وەبەرهێنان، رۆڵی دیاری پێ دراوە لە هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانی بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە پەیامی، پێشکەشکرنی رێزلێنانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر پێشنیاری یەکێتییەکەمان، خەڵاتی رێزلێنان بەو یەکە گرنگەی ناو دەستەی وەبەرهێنان دراوە.

باسی لەوەکردووە، بەم نزیکانە رێزلێنان بۆ هەموو ئەو کەسە دڵسۆز و ماندوو خەمخۆرانەی ناو دەستەی وەبەرهێنان و سەرجەم دڵسۆزانی ناو حکومەت و کەرتی وەبەرهێنان دەکەن و بەسەریان دەکەنەوە.

لە هەرێمی کوردستان لە 2006وە لە 13 کەرتی جیاواز بە سەرمایەی 69.2 ملیار دۆلار لە 1225 پرۆژەدا وەبەرهێنان کراوە، دابەشبوونی پرۆژەکانیش لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکە کەوا 1151 پرۆژەیان بە سەرمایەی 57.9 ملیار دۆلار خۆماڵی و بەسەرمایەی ناوخۆ بنیاتنراوە، هەروەها 46 پرۆژەیان بیانی و وەبەرهێنەری دەرەکی بووە بە سەرمایەی 10 ملیار دۆلار.

بەخشینی قەڵغانی رێزلێنان بە یەکەی FDI – وێنە: دەستەی وەبەرهێنان