53 ملیار دیناری تێچووە

بەسەر شەتوڵعەرەبدا و لە بەسڕە پردی هەڵواسراو کرایەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەک بڵێی لە گەرما تاقەت پڕوکێنەرەکەی بەسڕە ترسابێ، بەم بەیانی زووەی پێنجشەممە خۆی گەیاندە بەسڕە و ژمارەیەک بەرنامە و پڕۆگرامی هەیە، لەگەڵیدا پردی هەڵواسراوی 825 مەتری کردەوە.

پردەکە بەسەر شەتوڵعەرەبدا بناغە کراوە کە ناوچەی پێکگەشتنی دیجلە و فوڕاتە، لە کاتی کردنەوەیەدا محەمەد شیاع سودانی وتی، پڕۆژەکان بۆ ژێرخانی بەسرە و بناغەی گەشەپێدان و رەخساندنی هەلی کارە.

پردی هەڵواسراوی 825 مەتری، رێگای خێرا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە و شاری وەرزشی بەسرە دەبەستێتەوە، لە ناوەڕاستیدا بەرزییەکەی 35 مەترە لە ئاستی ئاو، بۆ ئەوەی کەشتییەکان بە ئاسانیی بتوانن تێپەڕن.

کۆی تێچووی ئەم پڕۆژە کەم بینراوە لە عێراق، 53 ملیار دینار بووە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیران عێراق دەڵێت، چارەسەری قەرەباڵغی هاتوچۆ لە ناوەندی پارێزگاکان دەکات، فشارەکان لەسەر تۆڕەکانی رێگاوبانەکانی ناوخۆش کەمدەکاتەوە.

هەروەک، بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرز دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم پردە هەڵواسراوە دەبێتە هێمایەکی شارستانی و گەشتیاری لە بەسرە.

دیمەنی کردنەوەی پردە هەڵواسراوەکە؛