زۆرترین مینى تێدایە
پێنجوێن پێویستى بە 20 ساڵى ترە تا لەمین پاک بکرێتەوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
دوای هەڵگرتنەوەی سەدان مین و تەقەمەنی و گولـلە هاوەن لە دەورووبەری پێنجوێن، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی زانستی لەناودەبرێن، سەرۆکى تیمى مینلابەریش دەڵێت،”لەسەر ئاستى عێراق پێنجوێنە یەکەمە لە مین دا”.
محەمەد ئیبراهیم حەسەن، سەرۆکی تیمی مینلابەری دەستی پێنجوێن بە 964ـى راگەیاند، لەبەر ئەوەى پێنجوێن ناوچەیەکى سنوورییە و لە رابردوو مەیدانى شەڕى عێراق و ئێران بووە، بۆیە زۆرترین رێژەى مینى تێدایە و یەکەمە لەسەر ئاستى عێراق.
هەرچەندە تیمەکانى مینلابەر بەردەوامن لە پاککردنەوە و لابردنى مینەکان، بەڵام وەک ئەوەى محەمەد ئیبراهیم باسى دەکات، 20 ساڵى تریان پێویستە تا بە تەواوەتى پێنجوێن لەمین پاک دەکەنەوە.
روونیشى کردەوە، کەمى ئامێرى پێویست و سەختى ئەو شوێنانەى مینەکانیان تێدایە، هۆکارى سەرەکى دواکەوتنى پڕۆسەکەن.
“هەفتەی رابردوو نزیکەی 100 مین و پارچە تەقەمەنیمان لەناوبرد و ئەمڕۆش 419 مین و پارچە تەقەمەنى لەناو دەبڕین”، سەرۆکى تیمى مینلابەرى دەستى پێنجوێن واى وت.
لەسەر ئاستى هەرێم پارێزگای سلێمانی پشکی شێری بەردەکەوێت لە زۆرترین رووبەری داچێندراو بەمین، بەشێوەیەک 234 ملیۆن مەتر چوار گۆشەى خاکەکەى بە مین چێنراوە و لەو رووبەرەش 115 ملیۆن مەتر چوار گۆشە پاکراوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح