هەڕەشەکان زیادیان کردووە

هەسەدە: مەحاڵە چەک رادەست بکەین

964+

وریا فەتاح

وتەبێژی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی ماوەیەک دەکەن بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریادا و جەختی کردەوە، لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، چەکەکانیان رادەست ناکەنەوە.

ئەبجەر داود، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە دیاریکردنی ماوەی 30 رۆژ دەکەن بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە، دوورن لە راستییەوە.

“لە سۆنگەی بەردەوامیی گرژییەکان لە سووریا و زیادبوونی توندوتیژی و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانی هەسەدە چەکەکانیان رادەست بکەن.، داود واى وتووە.

وتەبێژەکەی هەسەدە جەختى لەوەکردەوە کە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانیان لە یەکەم رۆژەوە ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێی سووریا دەربڕیوە، بەڵام وەک دەڵێت: “دەکرێت لە رێگەی رێککەوتنێکی دەستووریی یاساییەوە بچینە ناو سوپای سووریا کە تایبەتمەندیی هێزەکانمان دانی پێدابنرێت.”

داود کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و تۆماس براک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریای بە ئەرێنی وەسف کرد و وتی،” لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ تاوتوێکردنی خاڵە ناکۆکەکان ئەنجام دەدرێن”.

وەک ئەوەى رۆژنامەکە لە زارى سەرچاوەکانیانەوە زانیویانە، هەسەدە ئەم هەفتەیە نمایشی سەربازیی بە چەکی قورسەوە لە شارەکانی رەققە، حەسەکە و قامشلۆ ئەنجامداوە و خاڵی پشکنینی نوێی داناوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانی لە فراوانبوونی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا هەیە.

هەسەدە کۆنترۆڵی تەواوی پارێزگای حەسەکە، ناوەندی شاری ڕەققە، شاری تەبقە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، شاری کۆبانێ و چەندین ناوچەی دیکەی کردووە، کە بە نزیکەیی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دەکات.

ئەمریكا و توركیا 30 رۆژ مۆڵەت دەدەنە هەسەدە له‌گه‌ڵ دی...

ئەمریكا و توركیا 30 رۆژ مۆڵەت دەدەنە هەسەدە له‌گه‌ڵ دیمه‌شق یه‌كبگرنه‌وه‌