نەمامگەیەکیشیان دروستکردووە

راگری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە 4720 نەمامی چاند

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

راگری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە چوار هەزار و 720 تولەنەمامی جۆراوجۆری لە دەورووبەری بەشەناوخۆیی کوڕانی پەیمانگاکەی چاندووە.

هاوژین سڵێوە راگری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بە 964ـی وت، “خۆم کوڕە جوتیارێکی گوندی هەرمۆتەم، هەمیشە حەزم لە سەوزایی و نەمام چاندنە، لە ساڵانی رابردوو کاتێک بۆ فێربوونی زمانی فارسی سەردانی وڵاتی ئێرانم کرد، بینیم بەهۆی زۆری رێژی دار و درەخت و سەوزاییەوە، کەشوهەوای وەرزی هاوینیان، یەکجار فێنک بوو، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆهات ئێمەش ئەو کارە بکەین و لە کاریگەرییەکانی گەرما کەم بکەینەوە”.

“ساڵی پار کە بوومە راگری پەیمانگا، کەوتمە جێبەجێکردنی بیرۆکەکەم و چەندین نەمامی جۆراوجۆرمان لە دەوری پەیمانگاکەمان چاند، ئەمجارەش بە چاندنی چوار هەزار و 720 نەمامی تر بەردەوامیم بە هەڵمەتەکەدا”، هاوژین سڵیوە وای وت.

‌ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین کەس و نەمامگە هاوکاریان کردوون و ئێستاش پاراستنی نەمامەکان، لە چاندنیان گرنگترە، کە بە سیمکردنی دەوری نەمامەکان و دانانی قەترەی ئاو، خزمەتیان دەکەن.

هاوژین سڵێوە ئاشکراشیکرد، نەمامگەیەکیان لەناو پەیمانگاکە دروستکردووە و زیاتر لە هەزار نەمامی جۆراوجۆری تێدایە، تا شوێنێک لە حەرەمی پەیمانگاکە بمێنێ، نەمامی تێدا دەچێنین و دواتریش هەر فەرمانگە و کەسێک نەمامی پێویست بێت، دەیدەنێ بەمەرجێک چاودێری و خزمەتی بکات.

ئەو شوێنەی نەمامەکانی تێدا چێنراوە، لە بناری چیای باواجی و لەپاڵ بەشەناوخۆیی کوڕانە، لەناو نەمامەکانیشدا جۆری زڕە توو، سنەوبەر، بەڕوو، سماق، مێو و شەکرەباویـیان تێدایە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری