بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان - فۆتۆ: ئاژانسەكان
رێككەوتنی توركیا و عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت
“توركیا دەیەوێت بە مەرج و كرێ و رسوماتی نوێ رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە پێچەوانەی هەموو ئەو راپۆرت و شیکارییانەی کە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا شارەزایانی سەرقاڵ کردووە، شارەزایەکی نەوتی کوردستان دووپاتیکردەوە رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە هەروا بە دروستی دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەنقەرە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی لەگەڵ عێراق راگەیاند، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە رێسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت و دوا وادەی وەستاندنیشی مانگی تەمموزی ساڵی داهاتووە.
د. گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری نەوت بۆ میدیاكانی عێراق قسەی كردووە و 964 بینیویەتی و ئاماژە بەوە دەكات، بڕیارەکەی تورکیا تەنیا “ئاگادارکردنەوە”یە بۆ عێراق.
ئەوەش دەخاتەڕوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستان هێرشە درۆنییەكانی ئەم دواییە بە توندی کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە، هەروەها ژمارەیەک کۆمپانیاش بە پابەندبوون بە رێسا سەلمێنراوەکانی سەلامەتی کارمەندەکانیان کشاندووەتەوە.
د. گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی بواری نەوتە لە هەولێر و دەڵێت، حکومەتی تورکیا بەنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی بۆریی عێراقی نییە، کە لە مانگی تەمموزی 2026 کۆتایی دێت، رێککەوتنی ئێستا بە هەمان مەرج تا مانگی تەمموزی ساڵی داهاتوو کاری پێدەکرێت، چونکە رێسایەک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ناتوانرێت تاکلایەنە بێت، مەگەر ساڵێک پێشوەختە ئاگادارکردنەوە نەدرێت، هەروەها بەو مانایەیە کە تورکیا بەنیازی درێژکردنەوەی رێکكەوتنەکە نییە، بەڵکو بە مەرج و كرێ و رسوماتی نوێ رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدات کە گەرەنتی داهاتی زیاتری بۆ دەکات لە چاو ئێستا.
ئەو پسپۆڕە پێی وایە هەڵوێستەكەی توركیا شتێکی ئاساییە، بەو پێیەی رێککەوتنەکە پێنج دەیە لەمەوبەر ئەنجامدراوە و گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە نرخی نەوت و پیشەسازیدا لە هەموو ئاستێکدا هاتووەتە ئاراوە.
شێروانی ئاماژە بەوە دەكات، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت، هەندێک لە کێڵگە نەوتییەكانی كوردستان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەندێکی تریش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی کارمەندەکانیان داخراون، ئەمە پرسێکی ئەمنییە کە بڕیارە حکومەتی عێراق چارەسەری بکات، بەو پێیەی بەئامانجکردنی کێڵگەکان توانای هەرێمەکەی سنووردار کردووە بۆ بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی نەوت بەپێی رێککەوتنەکە.
“تورکیا زۆر حەز دەکات سوود لەم بۆرییە وەربگرێت، چونکە ساڵانە داهاتی بۆ دابین دەکات، تەنانەت ئەگەر نەوتیش هەناردە نەکرێت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردووشدا داهاتی کەڵەکە بووی بەهۆی ئەم بۆرییەوە هەیە و ئێستادا تورکیا بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە داوای گەڕانەوەی دەکات.