یەكێك لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك
"دەیەوێت فراوانی بکات"
تورکیا رەشنوسی رێککەوتنێکی نوێی لە بواری وزە بۆ عێراق ناردووە
964+
ژووری هەواڵ
تورکیا دەیەوێت رێککەوتنەکەى لەگەڵ عێراق لە بارەى بۆرى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە نوێبکاتەوە و فراوانی بکات بۆ کەرتى نەوت و گاز و کارەبا و پترۆکیمیایی.
سەرچاوەیەکی وەزارەتى نەوتى عێراق بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی وتووە، رەشنووسێکى نوێیان لەلایەن تورکیاوە پێگەیشتووە بۆ نوێکردنەوەى رێککەوتنەکە، کە فراوانترە لە رێککەوتنەکانی پێشوو و باس لە هەماهانگی زیاتر دەکات لە بواری وزە لە نێوان هەردوو وڵات.
دوێنێ بڕیارێکی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە رۆژنامەی فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە کە ئاشکرای دەکات رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، لە 27ـی تەموزی 2026 کۆتایی پێدێت.
رێککەوتنی بۆری نەوتی خاو لە ساڵی 1973 لە نێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە و نزیکەی 52 ساڵە هەیە.
بە وتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، ئەگەر رەشنوسەکە پەسەند بکرێت، رێککەوتنی وزەی هەردوو وڵات تەنیا لەبواری نەوتدا نامێنێتەوە، بەڵکو فراوان دەبێت بۆ بوارەکانی گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەبا.
“وەزارەتی نەوت گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسەکە دەکات و سەرقاڵى پێداچوونەوەیە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەیەک کە لە بەرژەوەندیی عێراق و تورکیادا بێت”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە ساڵی 2024ـەوە وەزارەتى نەوتى عێراق لەگەڵ لایەنی تورکی لە دانوستاندندایە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە و بەردەوامیی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا.