فڕۆکەخانەی کەرکوک - وێنە 964
"گەشتی شەوانیشمان دەبێت"
بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەکی بیانی لە فڕۆکەخانەی کەرکوک دەنیشێتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار بەفەرمی فڕۆکەیەکی بیانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک دەنیشێتەوە.
بڕیارە کاتژمێر 3ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 20.7.2025 بۆ یەکەمجار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک پێشوازی لە فڕۆکەیەکی کۆمپانیای Global Aviation بکات، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری فڕۆکەخانەکە.
هەردی سەمەد بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک بە 964ـی وت، “دوای چەندین ساڵ لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکەمان، کە تەنیا فڕۆکەی هێڵی عێراقی تێدا گەشتی دەکرد و دەنیشتەوە، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی Global Aviation دەنیشێتەوە کە لە وڵاتی سعودیاوە بەرەو کەرکوک بەڕێکەوتووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ لەمەودوا گەشتی شەوانیشیان دەبێت و ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی بەرەوپێشبردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک، هەروەک هەلێک دەبێت بۆ کردنەوەی دەرگا، بەڕووی فڕۆکەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 بەفەرمی کرایەوە.