شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان - فۆتۆ پەرلەمانی عێراق
دواى 80 رۆژ
شاخەوان عەبدوڵا: یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان بووە چەکی زامنکردنی مافەکانمان
964+
وریا فەتاح
دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی فەرمانبەران، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە یەکگرتن و یەکڕیزی چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکان و رووبەڕووبوونەوەی پیلانەکان.
شاخەوان عەبدوڵا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە دوای نزیکەی 80 رۆژ چاوەڕوانی، فەرمانبەرانی هەرێم هەواڵێکی خۆشیان پێگەیشت.
لە پەیامەکەیدا، ستایشی خۆڕاگری و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی کوردستانی کرد کە توانیان بەرگەی سەختی ژیان و بێمووچەیی بگرن و نوسیویەتى،”ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان مایەی سوپاس و پێزانینە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەگۆڕنا کە دەیانووت ئینتیمای نیشتمانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەماوە”.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوە کردەوە کە “دیسان ئەوە سەلمێندرا کە هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزییە و چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و رووبەڕووبوونەوەی هەر پیلانێک لەدژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان”.
هەر لە پەیامەکەیدا شاخەوان عەبدوڵا، هیوای خواست کە پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی پێبێت و چیتر قوتی خەڵک تێکەڵ بە کێشەی سیاسی و کارگێڕی و هونەری نەکرێت.