"زیادەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی"

هەرچەندە تاپۆیان هەبوو رووخێنران؛ تەڕ و وشک پێکەوە سووتان

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لیژنەی لابردنی زیادەڕۆییەکان بەهاوکاری ئیدارەی هەردوو قەزای بێجی و بەلەدی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین هەڵمەتێکی روخاندنی ئەو خانوانەیان دەستپێکرد کە خاوەن تاپۆن و بەشێکیان بەشێوەی سەرپێچی و هەڕەمەکی زێدەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی.

محەمەد مەحمود قایممقامی قەزای بێجی بە 964ـی وت، ئەو ماڵانەی کە زێدەڕۆیان کردووەتە سەر زەوی و موڵکی گشتی، دەستبەجێ دەڕوخێنرێن و لادەبرێن، بەو پێیەی پیشتر هۆشداریان پێدراوە، بەڵام پشتگوێیان خستووە و لەمڕۆشەوە سەرجەمیان دەروخێنرێن و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.

وتیشی، ئەو کەسانەی زێدەڕۆییان کردووە، سەربەخۆ و بێ پرسی شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار، هەر کەسەو بەئارەزوی خۆی هەستاوە بە داگیرکردن پارچەیەک زەوی، یان بەهێنانە پێشەوەی خانوەکەی بۆ نێو موڵکی گشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە دوای ئەوە دێت، زۆربەی ئەو ماڵانەی زێدەڕۆیان کردووە، کێشەیان بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە پڕۆژەکان دروستکردووە، دوای رووخاندنی خانوەکانیشیان، بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری