"وەک خێرێک بۆ دایک و باوکیان"

سێ برا لە پێنجوێن بە چەو و لم فریای هاوشارییەکانیان دەکەون

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

سێ برا لە پێنجوێن کە پێشتر کارگەی قیریان هەبووە و دواتر چەو و لمێکی زۆریان کۆکردوەتەوە، ئێستا دەیانەویت بەسەر دانیشتووانی قەزای پێنجوێن بێ بەرامبەر دابەشی بکەن، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی چاڵ و چۆڵی کۆڵان و باخچەکان.

وەک برایەکیان بە 964ی وت، ئەوان کە خاوەنی چەو و لمەکەن وەک خێرێک بۆ دایک و باوکیان کارەکەیان دەستپێ کردووە، سۆراغی 964دەریخست، رەنگە زیاتر ناوچەکانی، کانی گۆیژ، کێلوویەکان، راوگان و بەرکێو سوودمەند بن لەو دەرفەتی بەخشینەی چونکە ناوچەکانیان تائێستا خۆڵە یان چاڵ و چۆڵی تێدایە.

ئەمڕۆ هەینی 18.7.2025، کاردۆ شێخ کەمال لەسەر ئەو کارەیان بە 964ی وت، لەگەڵ براکانی بڕیاریان داوە ئەو بڕە زۆرەی تێکەڵەی چەو و لم لە بری ئەوەی بیفرۆشن، بڕیاریان داوە بیدەن بە دانیشتووانی قەزاکەیان، تا بۆ پڕکرنەوە و رێککاری گەڕەک و رێگاوبان و باخچەکانیان بەکاریبهێنن.

هەرکەسێک لەو چەو و لمەی دەوێ کە مەزەندە وایە زیاتر لە 400 گەڵابە بێت، دەتوانێ داوا بکات و ناو بنووسێ، ئەوەش بە تەلەفۆنکردن بۆ ئەم ژمارەیە؛ 07733402323

ئەو سێ برایە، پێشتر لەو چەو و لمەیان فرۆشتووە، ئەوەی کە ماوەتەوە بێ بەرامبەر دابەشی دەکەن و ئەوەی لەسەر دانیشتووانی قەزاکەیە کرێی شۆفڵ و گواستنەوەیە کە خۆشیان سەرپەرشتی ئەو کارە دەکەن و هەر کەس ناوی نوسی و ناونیشانی دانا دەینێرن بۆی.

ئەم کارەی دەیکەین تەنیا، مەبەستمانە خێرێک بکەین بۆ دایک و باوکمان کە لە ژیاندا نەماون و هیچ مەبەستێکی دیکەی لەپشتەوە نییە و خۆشحاڵین بە خزمەتکردنی دانیشتووانی قەزاکەمان، تایبەت ئەو گەڕەکانەی کە ئاوی بارانی تێدا کۆدەبێتەوە لە وەرزی باران باریندا، دەتوانن چەند گەڵابەیەک ببەن بۆ گەڕەکانیان و چاڵ و چۆڵییەکانی پێ بڕ بکەنەوە، کاردۆ شێخ کەمال وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

تەقینەوەیەکی بەهێز لە پێنجوێن بیستراوە

تەقینەوەیەکی بەهێز لە پێنجوێن بیستراوە