یانەی هەولێر
چی بووە؟
دەستەی نوێی كارگێڕیی یانەی هەولێر هەڵوەشایەوە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، دوو ئەندامی دەستەی نوێی كارگێڕیی یانەی هەولێر دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەمەش ژمارەی یاسایی ئەندامانی دەستەكە تەواو نییە و دەبێت لە 5 كەس كەمتر نەبن، بۆیە دەستەكە هەڵدەوەشێتەوە.
دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:
دوای ئەوەی لە 15ی تەمموزی 2025، هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر ئەنجامدرا و تەنیا شەش بەربژێر توانیان دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 ی تەمموز، دوو لە ئەندامانی دەرچووی دەستەی کارگێری ( رەوەز سەلام خۆشناو) و ( زوبێر جەبار بابان) دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش کرد و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش، دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا، بۆیە بە پێی یاسای یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18 )ی ساڵی 1986، هەموارکراو بە ژمارە (37)ی ساڵی 1988 مادده (10)کە دەستەی کارگێری نابێت لە (5) کەس کەمتربێت و لە ( 10 ) کەس زیاتر بێت، بۆیە ئەم دەستەی کارگێرییە ڕێژەیی یاسایی نەما و هەڵوەشاییەوە.
جەماوەر و ئارەزوومەندان و وەرزشدۆستانی خۆشەویستی یانەی وەرزشی هەولێر، دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەماهەنگی لە گەل لایەنە پەیوەندییدارەکان و لەداهاتووێکی زۆر نزیک دەستەیەکی کارگێری کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر دەستنیشان دەکەین و دواتر هەڵبژادنيان بۆ ئەنجام دەدەین، بە دڵنیاییەوە شکۆ و هێز بۆ یانەی هەولێر دەگەرێتەوە و چاوەڕێێ ئەنجامی دڵخۆشکەربن لە وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەروەها سەرجەم تیپەکانی یانەی دایک، گرنگی و بایەخی تایبەتیان پێدەدرێت.