75 ملیۆن دینارى تێچووە

محەویلەیەك لە دەربەندیخان دوای لەکارکەوتنی بۆ زیاتر لە ساڵێک چاککرایەوە

964+

محەمەد فاتیح

دوای لەکارکەوتنی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك، محەویلەیەكی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای دەربەندیخان چاکسازیی تێيداکرا و چاککرایەوە.

بەهۆی گرنگی ئەو محەویلەیەوه بۆ وێستگەکە، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی لەسەر هێڵ بووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ لەسەریەكە رۆژانە لە 7ـی بەیانییەوە تا 6ـی ئێوارە كاریان تێیدا كردووە و بڕی 75 ملیۆن دینارى تێچووە.

کاوە ئەحمەد، بەڕێوەبەری وێستگەی کارۆئاوی دەربدیخان دەڵێت، “لەسەر بودجەی داهاتی کارەبا و بە بڕی 75 ملیۆن دینار کاری چاکسازیی بۆ  محەویلەی یەکەی ژمارە 3ـى وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان ئەنجامدار، کە ماوەی زیاتر لە 12 مانگ بوو لە کارکەوتبوو”.

“بەهۆی گرنگی ئەو محەویلەیە بۆ وێستگەکە، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی زۆر پاڵپشتی کردین و هاوکارمان  بوو بۆ چاککردنەوەی محەویلەکە و ماوەی چوار رۆژە سەرجەمی هۆبە تەکنیکییەکانمان لەم بێ موچەییەدا رۆژانە لە کاتژمێر 7ـى بەیانی تا 6ـى ئێوارە کاریان کردووە و بەسەرکەوتووی کارەکە کۆتایی هات و لە چەند رۆژی داهاتوو ڤۆڵتییەی دەخەینەسەر و بۆ کارکردن ئامادەی دەکەین”.

یەکێک لە گرفتەکانی محەویلەکە رۆنەکەی بوو، رۆنی نوێی بۆ دابین كرا ، کە 92 بەرمیلی (205.4) لیتر بوو، بەگشتی دەکاتە 18.896 لتر، جگە لە چارەسەرکردنى سەرجەم ئەو کەم و کورتیانەی هەیبوو.