فڕۆكەخانەی موسڵ كرایەوە
سودانی ئامادە بوو
فڕۆكەخانەی موسڵ كرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16.7.2025 فڕۆكەخانەی موسڵ دوای ساڵانێك لە داخستنی، لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق كرایەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ فڕۆكەخانەی موسڵ لە لایەن سودانییەوە كرایەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ، دەکەوێتە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە لەدوای بەغدا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، فڕۆكەخانەكە دوای دوو مانگی دیكە بە تەواوی دەكەوێتەكار و هەموو بەشەكانی دەكرێتەوە.
فڕۆکەخانەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە، لە ساڵی 1920 لەلایەن هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا لە سەردەمی پاشایەتی دروستکراوە.
فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 1922لە فڕۆکەخانەی سەربازییەوە گۆڕدرا بۆ فڕۆکەخانەی مەدەنی، لە سەردەمی هاوچەرخدا بەهۆی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان کە بەسەر عێراقدا سەپێنرا لە چوارچێوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990، فڕۆکەخانەکە بەبێ هیچ هاتوچۆیەکی بەرچاو مایەوە، ئەمەش تا ئەوکاتە بوو کە سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2003 هێرشی کردە سەر عێراق، کاتێک فڕۆکەخانەکە بوو بە فڕۆکەخانەی سەربازی ئەمریکا، دوای ئەوە رادەستی حکومەتی عێراق کرایەوە، بە شێوەیەکی ڕیشەیی پەرەی پێدرایەوە بۆ ئەوەی پابەند بێت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی. فڕۆکەخانەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2008کرایەوە و یەکێکە لە بارەگاکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی، بەڵام دوای داگیركردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، جارێكی دیكە داخرایەوە، تا ئەمڕۆ كە دووبارە دوای نۆژەنكردنەوەی كرایەوە.