لۆگۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان - گرافیک: 964
لە مانگی ئاب
کۆمسیۆن لیژنەی دروستکرد و تیروپشک بۆ قەوارە و کاندیدەکان دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی 5.8.2025 وادەی داناوە، تیروپشك بۆ هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە سەربەخۆكان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكیان پێك هێناوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق، وابڕیارە لە 11.11.2025 بەڕێوەببرێ.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی وت، لە رۆژی 5.8.2025 تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە سەربەخۆكان دەكرێت و پێویستمان بە 15 رۆژە بۆ تەواوكردنی پێداچوونەوە بە زانیارییەكانی هەموو هاوپەیمانییەكان وکاندیدەکان.
وتەبێژەکەی کۆمستۆن وتیشی، ئامادەکارییەکانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەردەوامە، هەروەها چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی ئەمنی وەك بەشێك لە ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ دەستەبەركردنی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر، رۆژی 9.10.2025ی وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کرد.
كورسییەكانی پەرلەمان پێكهاتوون لە 329 كورسی، كە 237 كورسیان بە كێبڕكێی ئاسایی هەڵبژاردن بەدەستدێت و هەروەها 83 كورسیان بۆ كۆتای ژنانە، كە هەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن كاندیدە ژنەكان دەیبەنەوە، هەروەها پێنج كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی و یەك كورسی بۆ فەیلی و یەك كورسی بۆ ئێزدی و یەك كورسی بۆ شەبەك و یەك كورسی-ش بۆ سابیئە تەرخان كراوە.
وەك لە راپۆرتێکی پەرلەمانی عێراقدا دەردەكەوێت، 335 حزب كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی، بە كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە و بەوەش دەردەكەوێت، كە ژمارەی حزبەكان لە ژمارەی كورسیەكان زیاترە.