شکانى ژمارەیەک ستوون لە قەڵادزێ
شەش ستوونى شکاندووە
رەشەبا ناحیەى هێرۆ و 13 گوندى بێکارەبا کرد
964+
وریا فەتاح
رەشەبا بەهێزەکەى ئەم دوانیوەڕۆیەى پشدەر، شەش ستوونى کارەباى شکاندووە و بەهۆیەوە ناحیەى هێرۆ بەو گەرمایە بێ کارەبا بوو، هەورە بروسکەش 16 سەر ئاژەڵى مردار کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کارەباى راپەڕین بڵاوى کردەوە، دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ لە گوندى گردەسپیانى پشتى قەڵادزێ، رەشەبا شەش ستوونى کارەباى شکاندووە و بەهۆیەوە 13 گوند و ناحیەى هێرۆ بێکارەبا بوون.
وەک باسکراوە، لەئێستادا تیمەکانیان لە شوێنەکەن بۆ ئەوەى بەزوترین کات کێشەکە چارەسەربکەن و کارەبایان بۆ بگێڕنەوە.
جا هەر بەهۆى ئەو رەشەبا و هەورەبروسکەیەى ئەمڕۆ، لە گوندى گەڵاڵەى سنوورى ماوەت، بەهۆى هەورە بروسکە 16 سەر ئاژەڵ مرداربوونەوە کە سەرجەمیان بزن بوون.