بۆ ماوەی 15 کاتژمێر و هەموو جۆرێکی ئۆتۆمبێل
ئاگاداربن سبەی رێڕەوی هاتن لە هەولێر بۆ سۆران دادەخرێت
964+
ژێوار خدر
شۆفێران ئاگادار بن سبەی بۆ ماوەی 15 کاتژمێر، رێڕەوی هاتن لە هەولێر بۆ سۆران بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک دادەخرێت، ئەمەش بەهۆی قیرتاو کردنی بەشێکی رێگەکەوەیە.
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بۆ ماوەی یەک رۆژ، واتە سبەی چوارشەممە 16.7.2025 بە هۆی قیرتاوكردنی بەشێكی رێگەی سۆران – خەلیفان، بەدیاریکراوی لە ناو گەلی علی بەگ، رێڕەوی هاتن لە هەولێر بۆ سۆران لە كاتژمێر 7:00ـی بەیانی تا كاتژمێر 10:00ـی شەو بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دادەخرێت.
دەشڵێت، شۆفێران دەتوانن رێگەی “بێخاڵ – رواندز – سۆران” بەكار بهێنن و رێڕەوی چوون لە سۆران بۆ هەولێر تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك كراوە دەبێت و بارهەلگرەكان دەتوانن رێگەی “سۆران – رواندز – بێخاڵ” بە كار بهێنن.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات، هاوكاری تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران و تیمەكانی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران بكەن.