لە ناحیەی رزگاری قەزای کەلار
ئۆتۆمبێلێک و بەشێکی ماڵێک سووتان
964+
ژێوار خدر
لە ناحیەی رزگاری قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک گڕیگرت و بەهۆیەوە بەشێکی ماڵی خاوەن ئۆتۆمبێلەکەش سووتا، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیانیش دەڵێت، جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، رووداوەکە درەنگانت شەوی رابردوو لە ناحیەی رزگاری روویداوە، بە وتەی خاوەن ماڵەکە دوای ئەوەی لەسەر کار گەڕاوەتەوە، ئۆتۆمبێلەکەی لە حەوشەی ماڵەکەیدا راگرتووە و دواتر رۆیشتووەتە ژوورەوە و لە پڕێکدا بینیویەتی ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە و سووتاوە.
وتیشی، بەهۆی ئاگری ئۆتۆمبێلەکەوە ژووری میوانی ماڵەکەش ئاگری گرتووە و دوو موبەریدە و سپلێتێک و چەند کەلوپەلێکی دیکەی ماڵەکەش سووتاون.
“تا ئێستا نازانرێت بەدیاریکراوی هۆکاری ئاگرەکە چییە، بەڵام بەرزی پلەکانی گەرما و خراپی کواڵیتی بەنزینەکە دەکرێت هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکە بن”، ئیبراهیم محەمەد وای وت.
روونیشیکردەوە، جگە لە زیانە مادییەکان، لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.