شوێنێکى گەشتیارى
لە ساڵێکدا
57%ـى دانیشتووانى توركیا پارەى ئەوەیان نییە پشوویەکى هەفتەیى وەربگرن
964+
وریا فەتاح
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات)، 57.4%ـی دانیشتووانی تورکیا ناتوانن ساڵانە تێچووی پشوویەکی یەک هەفتەیی لە دەرەوەی ماڵەکانیان دابین بکەن، ئەم ڕێژەیە بۆ خێزانە مناڵدارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزترە و دەگاتە 72%، لەبەرامبەردا هاوڵاتیانى لۆکسەمبۆرگ وەزعیان باشە و زۆرینەى زۆریان دەتوانن بودجەى پێویست بۆ گەشتێکى یەک هەفتەیى دابین بکەن.
بەپێی داتاکانی یۆرۆستات کە لەسەر داهاتى ساڵى پارى دانیشتوانى وڵاتانى ئەورووپا توێژینەوەى ئەنجامداوە، تێیدا دەردەکەوێت تورکیا لە دوای رۆمانیاوە خاوەنی بەرزترین رێژەی دانیشتووانە کە توانای دارایی پێویستیان نییە بۆ پشوویەکى یەک هەفتەیى.
بەپێى ریزبەندییەکە، رۆمانیا پلەى یەکەمى گرتووە و 58.6ـى دانیشتوانەکەى تواناى دارایى ئەوەیان نییە کە ساڵانە یەک هەفتە لە دەرەوەى ماڵەکانیان گەشتێک بکەن، تورکیاش بە 57.4% پلەى دووەمى گرتووە، پلەى سێیەمیش یۆنان دەبیندرێت بەرێژەى 46% و بولگاریاش بەرێژەى 41.4%، پلەى چوارەمى گرتووە.
بەپێى توێژینەوەکە، وەزعى هاوڵاتیان لۆکسەمبۆرگ و سوید و هۆڵەندا لە هەموویان باشترن و تەنیا رێژەیەکى کەمیى هاوڵاتیانیان تواناى ئەوەیان نییە لە ساڵێکدا هەفتەیەک لە دەرەوەى ماڵەکانیان پشوو وەربگرن، بەم شێوەیە:
یەکەم: لۆکسەمبۆرگ 8.9%.
دووەم: سوید 11.6%.
سێیەم: هۆڵەندا 13%.
داتاکان دەریدەخەن کە لە تورکیا، بوونی منداڵ بارگرانی زیاتر لەسەر خێزانەکان دروست دەکات بۆ چوونە پشوو، نزیکەی 60.3%ـى ئەو خێزانانەی منداڵێکیان هەیە، توانای دارایی ئەنجامدانی پشووی یەک هەفتەییان نییە، خۆ ئەگەر تا رێژە منداڵ زیاتر بێت دەرفەتەکە کەمتر دەبێتەوە، خێزانە منداڵدارەکان 72%یان تواناى ئەو گەشتى یەک هەفتەییان نییە.