"وەڵاممان نەدەنەوە ساتر لێدەدەین و خێمە هەڵدەدەین"
دانیشتووانی دەشتی کۆیە رێگەی نێوان کۆیە- دوکانیان بە تەواوی داخست
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
هاوڵاتیانی ناحیەی ئاشتی و گوندەکانی دەورووبەری، رێگەی نێوان کۆیە – دوکان)ـیان بە تەواوی داخستووە و بڕیارە لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەیان ساتر لەسەر رێگەکە دروست بکەن، هەروەها چوونەتە سەر كارەبای ناحیەكە و كارەبای فەرمانگەكانیان بڕیوە.
هەژار تاهیر دانیشتوی ناحیەی ئاشتی بە 964ی وت: کێشەی ئێمە کەمیی کارەبا و نەبوونی ئاوە، چەند رۆژێکە کارەبایەکی زۆر کەممان پێدەدرێت و ئێستاش هەر لە وێستگەی کارەبای ناحیەکەوە، کارەبای 24 کاتژمێریی فەرمانگە و شوێنەکانی تری سنووری ناحیەکەمان بڕیوە و رێگە نادەین ئێمە بێ کارەبا بین و ئەوان کارەبای بەردەوامیان هەبێ”.
هەروەها دەڵێت، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانمان، لەسەر رێگەکە ساتر دروست دەکەین و خێمە هەڵدەدەین و خۆمان دەچین لە وێستگەکە کارەبای ناحیەکە و گوندەکان فول دەکەین.
بۆ ئەم مەبەستە 964 پەیوەندی کرد بە هەڵگورد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
هاوڵاتیانی ناحییەکە شەوی رابردوو لە دەروازەی ناحیەکە تەنیا رێگەیان لە ئوتۆمبێلی بارهەڵگر گرتبوو، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان، خۆپیشاندانەکەیان فراوانتر کردووە و ئێستا رێگە لە هەموو ئۆتۆمبێلێک دەگرن کە لە نێوان (کۆیە و دوکان) هاتوچۆ بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا